بیرمەندی کۆچکردووی ئیتالی ئیمبرتۆ ئیکۆ لەنوسینێکدا دەڵێت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مافی قسەکردنیان بەخشییوەتە لەشکرێک لە گەمژەکان.
ئیکۆ دەڵێت مەترسییە ڕاستەقینەکە لەوەدایە ئەو ژاوەژاوە سەرلێشێوێنەرە بووەتە سیستمێکی ڕێکخراو و سامناک بۆ بەڕێوەبردنی بیروهۆشی تاکەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی پەتایەکی نوێوە بە ناوی ترێند.
لەم سەردەمە تاریکەدا ئەلگۆریتم(خەواریزمەکان) لە ئامرازێکی تەکنیکییەوە گۆڕاون بۆ بزوێنەری ئاڕاستەکردنی ئەقڵی مرۆڤ بۆ حەزی بێمانا تا هەمووان لەدەوری وەهمێکی گەورە و درۆینە کۆبکەنەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئازارە قووڵەکانی ژیانی ڕاستەقینەمانەوە نییە.
لە چەقی ئەم تراژیدیایەی سەردەمدا دیاردەیەکی ژەهراویی سەرهەڵدەدات کە دەکرێت ناوی بنێین «بەرهەمهێنانی کێشە ساختەکان».
ئەمە بریتییە لە ستراتیژێکی داڕێژراو بۆ دروستکردنی جەنگی وەهمیی و گەورەکردنی شەڕەپەڕۆ بچووکەکان و ئابڕووچوونە کاتییەکان، تا بە زۆر بخرێنە بەردەم هۆشی دەستەجەمعیی و تەواوی وزەی ڕوحیی و کاتی کۆمەڵگا هەڵلوشێت.
ئەرکی نەگریسی ئەم کێشە ساختانە بریتییە لە سڕینەوەی پرسیارە گەورە چارەنووسسازەکان لە کاتێکدا سەروەت و سامانی گشتیی تاڵان دەکرێت، کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، ژینگە دەشێوێنرێت، و دەزگاکانی چاودێریی و دادپەروەریی بێڕۆڵ دەکرێت، ملیۆنان مرۆڤ بەشێوەیەکی دەستەمۆکراو بەرەو شەڕە بێمانا و بچووکەکانی نێو شاشەکان پەلکێش دەکرێن، تا گۆڕەپانی مێژوو لە فەزای هاوڵاتییبون و هۆشیارییەوە ببێتە سێرکێکی گەورەی پڕ لە گاڵتەجاڕیی.
ترێند لە دنیای مۆدێرندا بووەتە کاریگەرترین چەکی بێهۆشکردنی دەسەڵاتدار بۆ لاوازکردنی توانای بەرگریی هاوڵاتیی و کۆمەڵگەکان.
ئەو ستەمکار و بەرژەوەندییخوازانەی لە هۆشیاریی گشتیی دەترسن، چیتر پێویستیان بەچەپۆکی دەزگا ئەمنییەکان و زیندان و سانسۆری ئاسنین نەماوە تەنیا ئەوە بەسە کۆمەڵگە لە نێو زۆنگاوێکی قوڵی بێبایەخیدا نقوم بکەن و شەڕی لاوەکییان بۆ بخولقێنن.
هەموو ترێندێکی نوێ کە ئەمڕۆ لەدایک دەبێت، ئەرکە سەرەکییەکەی ئەوەیە کێشە و تەنگەژە جەوهەرییەکانی دوێنێ بشارێتەوە و لەبیریان بباتەوە، تا مرۆڤەکان هەمیشە لە نێو گێژاوێکی بێئارام و خولگەیەکی بەتاڵدا بمێننەوە، بەجۆرێک کە هیچ کاتێکیان
بۆ تێڕامان، کۆبوونەوە لە دەوری ئازارە هاوبەشەکان، و لێپرسینەوە لەدەسەڵاتدارانی گەندەڵ بۆ نەمێنێتەوە.
ئەم ڕۆڵە تێکدەرە بەتەواویی هاوتەریبە لەگەڵ سروشتی دڕندەی ئابوریی فریودەری سەرنجڕاکێش کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بەسەر جیهاندا سەپاندوویانە.
لەم بازاڕە نوێیەدا هەست و تووڕەیی و ئارەزووە کاتییەکانی خەڵک دەکرێنە کاڵایەکی هەرزان بۆ قازانج.
هەربۆیە، ئەلگۆریتمە چاوچنۆکەکان هەمیشە هەموو شتێکی شەڕانگێز، ئابڕووبەر، و ورووژێنەر بەرزدەکەنەوە لە کاتێکدا بیرکردنەوەی قووڵ و تێڕامانی ڕاستەقینە دەکەنە قوربانیی و هەوڵی خنکاندنی دەدەن.
ڕزگاربوون لەم کۆیلایەتییە مەترسیدارە تەنیا لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤ هۆشیاریی ڕەخنەیی خۆی وەگەڕبخاتەوە، بەوەی لەبەرامبەر هەر شەپۆلێکی شاشەکاندا بوێرانە بپرسێت: ئاخۆ لەپشتی ئەم ژاوەژاوەوە درۆینەوە دەیانەوێت چیمان لەبیربەرنەوە؟
بێگومان تێپەڕاندنی دەسەڵاتی ترێند هەنگاوی یەکەمی ئەمڕۆی مرۆڤە بەرەو ئازادیی و گەڕانەوە بۆ نێو باوەشی حەقیقەت.