لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناو کامپی زانکۆی ئەمریکی سلێمانی، دیداری "کوردناسی" یان باشتر و ڕاستترە بڵێین "لێکۆڵینەوە کوردییەکان" بەڕێوە چوو. دیدارەکە لە کەشێکی بە ڕواڵەت ڕێکوپێکیدا بەڕێوە چوو؛ ماندووبوونی ڕێکخەران، ئامادەبوونی کۆمەڵێک زانای بیانی و ناوخۆیی، چەندین پانێڵی گفتوگۆ، و نمایشی شیعر و هونەری کوردی تێدا ئەنجامدرا. بەڵام لەژێر ئەم ڕووکەشە جوانەدا، بێزارییەکی جاڕسکەر و تەشویشێکی بنەڕەتی هەبوو کە تەنها لە بڵمەبڵمی نێوان هاوڕێیان و پشت پەردەی پانێڵ و دیدارەکەدا خۆی دەردەخست.
من، وەک کەسێک کە بەشی زۆری منداڵی و هەموو گەورەییم لە بەریتانیا بەسەر بردووە و بەر تەوژمی فرەڕەهەندی "ئەویتر" کەوتووم، گوێم بە هەموو ئاوازەکانی ڕەیسزمە بێدەنگەکان ڕاهاتووە. لە چەندین دەربڕینی بەشداربووانی بیانی، ئازاری ئەو تەشویشەم بە تامی جیاواز هەست پێکرد.
چەند جارێک لە خەیاڵی خۆمدا دەمویست وێنای بکەم چی ڕووی دەدا ئەگەر کۆمەڵێک زانای کورد و عەرەب، لە زانکۆی لەندەن، کۆنفرانسێک بۆ "بەریتانیناسی" ئەنجامبدەن و بەرنامەی "دۆزینەوە" و "خستنە سەر ڕێی" کەلتووری ئینگلیزی بۆ خودی ئینگلیزەکان دابنێن؟ بێگومان ئەمە نەک هەر پێکەنیناوی، بەڵکو ئیهانەیەکی ئاشکراشە. کەچی لێرە، هەمان ئەم ڕەوشە وەک "کارێکی ناوازە" پێشکەش کرا، وەکو ئەوەی میللەتی کورد ئەو قاڕە "ونبووە" بێت کە کۆڵۆمبۆسەکانی ئەمڕۆ تازە "دۆزیویانەتەوە". ئەمە میراتێکی دزێو و شەرمئاوەری کۆلۆنیالیزمی فیکرییە کە بە بەرگێکی ئەکادیمی خۆی داپۆشیوە.
هەڵبەت ئەم هەستە تەنها منی نەگرتبووەوە. لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا، هاوڕێیانی ئەکادیمی، توێژەران و نووسەران، لە هەر گۆشەیەک و بە زمانی پسپۆڕییە جیاوازەکانیان، هەمان بێزارییان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەوتەوە. یەکێک لە هاوڕێیانم کە لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، لە کاتی نان خواردنی نیوەڕۆی دووەم ڕۆژدا بە تووڕەییەوە وتی: گوێت لێبوو ئەو کۆڵۆمبۆسەیان چۆن باسی “دۆزینەوەی” کەلتووری کوردی دەکرد؟ ئەوەتا ئێستاش دەیانەوێت نەخشەی کیشوەرێک بکێشن کە هەرگیز ون نەبووە، بەتەمان ڕووناکی ببەخشن بە ئەدەبیاتێک کە هەزار ساڵە ڕووناکییەکەی بەشی تەواوی هەموو هەڕەشە تاریکەکانی لەناوچوونی ئێمەی کردووە. کەی ئەم زڕە تۆنە ئیستیشراقییە کۆتایی پێدێت؟ کەی تێدەگەن کە میراتی فیکری و کەلتووری ئێمە چاوەڕێی ڕزگارکەری ڕۆژئاوایی نەبووە؟ ئەمە هەمان ئەعرازی نەخۆشیی ڕۆژهەڵاتناسییە کۆنەکەیە کە ئێمە وەک ئۆبجێکتێکی لێکۆڵینەوە دەبینێت، شتێک بۆ تەشریح و خوێندنەوە، نەک مرۆڤێک بۆ گوێلێگرتن و دیالۆگی یەکسان. کەی لەم قاڵبە ڕزگارمان دەبێت و دەست دەکەین بە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە کە مرۆڤ تێیدا بەرامبەر بە مرۆڤ دانیشتبێت، نەک زانا بەرامبەر بە ماتریاڵی توێژینەوە؟
هاوڕێیەکی دیکە وتی: ئێستا چەمکی "دۆزینەوە" کۆن بووە و زۆر بەکاری ناهێنن. ئێستا زاراوەی "دروستکردن" بەکار دەهێنن. وا قسە دەکەن وەک ئەوەی ئێمە لە عەدەمدا بین و چاوەڕێی ئەوان بین چوارچێوەیەکی فیکریمان بۆ "دروست بکەن". بەردەوام لەوە دەچێت لەسەر مێزی نەشتەرگەری ڕاکشابیت، چاوێکی سارد و بێهەست لە سەرەوە سەیرت بکات و تۆ وەک تەرمێکی نیوەگیان، وەک تاقیگەیەک بۆ فێربوون ببینێت. ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کورد نەتوانێت لێدانی دڵی کورد وەک دڵی خۆی بناسێت و هەستی پێبکات، بەڵکو تەنیا وەک "مادەیەکی خام" بۆ لێکۆڵینەوە بیبینێت، ئەوا ئێمە نەبووین بە بابەتی لێکۆڵینەوە، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا بووینەتە ئەو قوڕە سەناعییەی کە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان شێوەمان پێ دەدەن و دواتریش بە ناوی توێژینەوەوە پێشکەشی دونیای دەکەن.
ئەوەی ئەم کۆڵۆمبۆسە نوێیانە دەیکەن، چ بە ئەنقەست بێت یان بە نائاگایی، هیچ نییە جگە لە داگیرکارییەکی فیکری و سنوور بەزاندن. ئەوان ئەو فەزایە داگیر دەکەن و ئەو سنوورە دەبەزێنن کە تێیدا میللەتێک مافی هەیە خۆی پێناسە بکات. ئەوە تەنیا پرسی مێژووی چەوساندنەوە نییە، بەڵکو شەڕی ئەمڕۆیە بۆ مافی خۆ-دۆزینەوە و خۆ-پێناسەکردن.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە دەرەوەی ناشوێنالیزم و تەسکبینی، ڕێگای دروستی بیرکردنەوە ئەوەیە کە بە گومانێکی قووڵەوە لە نیاز و مەبەستی ئەم پرۆژانە بڕوانین و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. تەنانەت ئەگەر لەوپەڕی گومان باشیدا بڵێین ئەوان خۆیان ئاگاداری ئەم میراتە کۆلۆنیالییە نین « کە ساویلکەییە»، هێشتا بۆچوون و چوارچێوەی فیکریان هەر هەمان ئاکامی تاریکی لێ دەکەوێتەوە کە تاریکییەکە بە تامی توندوتیژییەکی مەعریفی ناسک بەڵام کوشندە.
پرسیارە ڕاستەقینەکان ئەمانەن: لێکۆڵەری کورد چۆن دەتوانێت بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆلۆنیالیزمی مەعریفی ڕزگار بکات؟ چۆن ئەو زنجیرە نادیارانە بپسێنین کە ئێمە وەک "بابەتی خوێندنەوە" نەک نوسەر و داهێنەر و خاوەن گوتار لە خۆمان نامۆ دەکات؟ چۆن لە قۆناغی "بەشداربوون لە گفتوگۆی ئەوان" تێدەپەڕین و دەبینە خاوەنی زمان، میتۆد و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆمان؟
ئەرکی سەرەکی ئێستامان تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکی خۆمان نییە، بەڵکو دەستگرتنیشە بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکری خۆشماندا. ئەرکەکە ئەوەیە بە هێزێکی سروشتی خۆماڵییەوە ئەم چوارچێوە کۆلۆنیالییە هەڵبتەکێنین و لەسەر بنەمای ئەزموون، مێژوو و جیهانبینی خۆمان - نەک ئەوان - نەریتێکی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە و ڕەسەن بونیاد بنێین کە هێندە بەهێز و سەربەخۆ بێت پێویستی بە چەپڵەڕێزان و پەسەندکردنی هیچ چاوێکی دەرەکی نەبێت. ئەمە شەڕی ڕزگاربوونی ڕوحی میللەتێکە کە سەدان ساڵە، خاوەنی فەرهەنگ، زمان و شارستانییەتە، بەڵام هێشتا ناچارە بەرگری لە بوونی خۆی بکات لەبەردەم نیگای سەرەوەی "ڕوانینێکدا" کە خۆی وەک پێوەر و ستانداردی جیهانی پێشکەش دەکات.