تراژیدیای خۆکرد؛ خۆکوژی سیاسی و پەراوێزنشینی!
تراژیدیای خۆکرد؛ خۆکوژی سیاسی و پەراوێزنشینی!
  ڕابەر تەڵعەت     2025/05/25     48 جار بینراوە    


لە وڵاتانی راگوزەر لەرووی سیاسی و حوکمڕانییەوە، یان نیمچە سەرکوتکارەکاندا، بزوتنەوە ئۆپۆزیسیۆنەکان زۆرجار ڕووبەڕووی ئاستەنگەلێکی ستراکچڕاڵ (پێکهاتەیی) دەبنەوە کە لەلایەن حزبە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە. بەڵام؛ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوانە ناوخۆیین.

دیاردەی پەراوێزنشینی و قەراغگیریی چارەنوسی ئەو هێزانەیە کە، بەجێگای یەکخستنی هێزی دامەزراوەیی خۆیان، دوچاری لێکترازان و ناکۆکی ناوخۆیی درێژخایەن دەبنەوە، بۆشایی سەرکردایەتی، و کێشمەکێشی کەسی تیایاندا دەبێتە داینامیکی سەردەست. ئەم پرۆسەیە زۆرجار لە ئەنجامی لەناوچوونی متمانەی گشتی، یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی، و غیابی ستراتیژ روودەدات!

لە دڵی ئەم قەیرانەدا کەڕی لە بیستنی هۆکارەکانی داڕمانی متمانەی گشتی و کوێری لە ئاست بینینی ئەو زیانەدا هەیە کە بەهۆی ئەم پرسە ناوخۆییانەوە روودەدات. شکست لە ناسینەوەی پێویستییەکانی ستراتیژیی یەکگرتوویی و مەترسییەکانی تەقینەوەی دامەزراوەییدا هەیە. کاتێک گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکان پارچە پارچە دەبن بۆ لق و باڵ و گروپی دژبەر، بە بێ میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ ئاشتبوونەوە یان نوێکردنەوە، ئەوا نەک هەر هێزی ئاشتبوونەوە و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی ناوخۆیان لاواز دەکەن بەڵکو گێڕانەوەیەی چیرۆکی ناکارامەیی و (کۆمیدیی) ش بۆ ئەکتەرە سیاسییە زاڵەکان فەراهەم دەکەن، دەبن بە نمایشکاریی شانۆگەرییەکی تەرفیهی و گاڵتەئامێز بۆ حزبە دامەزراو و دەسەڵاتدارەکان. ئەم پارچەبوونە ئۆپۆزیسیۆن لە ئاکتۆرێکی چاکسازیخوازەوە دەگۆڕێت بۆ هێمای ناسەقامگیری—بە ئاسانی لەلایەن نوخبە حوکمڕانەکانەوە وەک چەک بەکاردێت بۆ بێمەرجەعەکردنی خواستی گشتی بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیدا!

ئەم نەخشە زیانێکی دووهێندەیی دروست دەکات. یەکەم: سەرمایەی کەسی ئەو سەرکردانە لەناو دەبات کە جارێک وەک راز و داینەمۆی باوەڕپێکراوی گۆڕانکاری دەبینران. دووەم: سەرمایەی ڕێکخراوەیی دەسڕێتەوە—تۆڕەکان، هێماکان، و یادەوەری دامەزراوەیی کە مانا و بەرگری بە سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆن دەدات؛ لاواز و نابووت دەکات. ئەنجامەکە تەنها پەراوێزنشینی و ناکارایی سیاسی نییە، بەڵکو ڕووخانی ناوبانگە، تیایدا ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بە بابەتی گاڵتەجاڕیی نەک بەدیلی دەسەڵات!

لەم چوارچێوەیەدا، پارچەپارچەبوونی ناوخۆیی تەنها هەڵەیەکی تەکتیکی نییە؛ خۆکوشتنی سیاسییە. بناغەی هەموو ئەو کردە و سیاسەتانەی لەسەر مەرجەعیەتی ئۆپۆزیسیۆن بونیاد نراوە، لاواز دەکات. هەرچەندە ئەم پارچەبوونە درێژە بکێشێت، ئەوەندە ئەستەمترە دووبارە هێزێکی کاریگەر بونیادبنرێتەوە. ئۆپۆزیسیۆن بە بێ یەکگرتوویی ناوخۆیی نەک هەر کاریگەر نابێت—بەڵکو بەشدارە لە تاوانی سڕینەوە و نابوتکردنی خۆیدا.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure