دانا ئەسعەد، ماستەر لە ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكان
دەسپێك:
ساختەهەواڵ (فەیكنیوز) كە هەواڵ و زانیاری دروستكراو و شێوێنراوە، یەكێكە لە دیاردە بەربڵاوەكانی ناو سۆشیالمیدیا و جیهانی گەیاندن، لەم ساڵانەی دواییشدا شانبەشانی پێشكەوتنی ئامراز و تەكنەلۆجیای میدیا ئەویش زیاتر بەرەو هەڵكشان و بڵاوبوونەوە ڕۆیشتووە و بووەتە مەترسییەكی جدی لەسەر ژیانی خەڵك و دۆخی میدیا، ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر دیاردەكە و مەترسییەكانی و میكانیزمەكانی ناسینەوەی.
چەمك و پێناسەی ساختەهەواڵ (فەیكنیوز):
تێكچڕژان و تێكەڵی زۆر هەیە لە نێوان هەواڵی ساختە و هەواڵی ناڕاست و هەواڵی درۆ یان پڕوپاگەندە، بۆ دیاریكردن و جیاكردنەوەی ئەمانەش گرنگە ئەوە دیاری بكرێت كە ساختەهەواڵ لەبنەڕەتدا هەواڵ نییە ( Academy DW,2019). شارەزایان پێیانوایە دوو جۆر هەواڵی فەیک هەیە، جۆری یەکەم ئەوەیە کە هەواڵەکە ناڕوون و ناڕاستە و بە ئانقەست دەیەوێت بۆ مەبەستی سیاسی یان ئابووری خوێنەر بەلاڕێدا ببات و چەواشەی بکات، نووسەری هەواڵەکە خۆی دەزانێت کە هەڵەیە، بەڵام بەمەبەست بڵاوی دەکاتەوە، بەڵام جۆری دووەم ئەوەیە کە هەواڵەکە کەموکورتی تێدایە، مەبەستی هەواڵەکە ئەوە نییە وەرگر بەلاڕێدا ببات، بەڵکو کەموکورتییەکەی ئەوەیە زانیاری تەواوی دەستنەکەوتووە و بە وردی سەیری بەڵگەنامەکانی نەکردووە، جاری واش هەیە هەواڵەکە بنەمای ڕاستی تێدایە، بەڵام لە ڕادەبەدەر گەورە کراوە ( BBC,2020).
پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ زانستەكانی كۆمپیوتەر زاراوەی "زبڵ _ junk" بۆ هەواڵ و زانیاری ناڕاست بەكاردەهێنێت و سەرچاوەكەشی پەیوەست دەكات بە مینبەرەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە زەمینەی ئەم دیاردەیە دەڕەخسێنن و دیاردەكەش كاریگەری نەرێنی لەسەر تێگەیشتنی خەڵك دادەنێت بۆ ڕاستی و متمانەیان لاواز دەكات (الیونسكو، 2020، 31). ساختەهەواڵ بە چەكی ئەوانەش دادەنرێت كە بێدەسەڵات و بێتوانان لە كاردانەوە یان ڕەفتاری پێویست لە جێگەی پێویست و ناچار پەنا بۆ دروستكردنی هەواڵی درۆ دەبەن (dw.com).
فەرهەنگی كۆلینز (Collins Dictionary) زاراوەی ساختەهەواڵ بەزانیاری ناڕاست یان هەڵە دەناسێنێت كە لەژێر ناونیشانی هەواڵ و وەك زانیاری دروست دەرخواردی خەڵك دەدرێت، مەرجیش نییە ئەو هەواڵە دروستكراو و ساختەیە تەنها لە سۆشیال میدیا بڵاوبكرێتەوە، دەكرێت لە میدیای تەقلیدی بێت .
دەكرێت ساختەهەواڵ بەو چیرۆكە هەواڵیانەش بوترێت كە هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە، یان ئەو زانیارییە هەڵانەی بۆ پارە دروست دەكرێن و پەخش دەكرێن، یان ئەو زانیارییانەی لە شكڵدا لە هەواڵ دەچن، بەڵام لە ڕێكخستن و ئامانجدا جیاوازن (C.Silverman 2017).
سەرجەم پێناسەكانیش لەوەدا هاوڕان و یەكدەگرنەوە كە ساختەهەواڵ دوو كۆڵەكەی بنەڕەتیی تێدایە، ئەوانیش نیازی پێشوەختی دروستكردن و لەخۆگرتنی زۆرترین شتی ناڕاست یان خاڵی بوونە لە هەر ڕاستییەك لەناو هەواڵەكە، چونكە لە بنەڕەتەوە هەڵبەستراوە (بهنسي، 2019، 566)، هۆكاری سەرەكی بڵاوكردنەوەشی مەرج نییە تەنها سۆشیال میدیا بێت، بەڵكو دەكرێت ڕاگەیاندن و میدیای تەقلیدی بێت، بەڵام لە سۆشیال میدیادا زەقتر بڵاودەكرێتەوە.
هەندێك لە كۆمەڵناسان باس لەوە دەكەن لە نێوان دەنگۆ و ساختەهەواڵ لەگەڵ متمانەدا پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە، بەجۆرێك تا ئاستی متمانەی گشتی لەناو کۆمەڵگادا بەرزتر بێت ئەوا بازاڕی دەنگۆ و ساختەهەواڵ لاوازە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئاستی متمانەی گشتی لەناو کۆمەڵگایەکدا لاواز بێت، بازاڕی دەنگۆ و ساختەهەواڵ برەوەی زیاتری هەیە (ئیسنا، 2020).
لەبارەی جۆرەكانی ساختەهەواڵیشەوە، توێژینەوەكان زۆر خاڵ و تەوەریان دیاری كردووە وەك: گاڵتەجاڕی و لاقرتێ و تێكەڵكردنی لەگەڵ هەواڵ، لایەنگریی زۆر و چڕ، تیۆری پلانگێڕیی و پەیوەستكردنی ڕووداوەكان بەئەجێندا و ئامانجی دیاریكراوی پێشوەخت، دەنگۆ، پیشەكردنی زانست و زانیاریی ساختە، هەواڵی ڕقاوی و چەواشەكار لەگەڵ جەختكردنەوە لەیەك دید و بۆچوونی دیاریكراو كە هاوسەنگی تێدا نەبێت (بهنسي، 2019، 568_569).
سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ساختەهەواڵ
لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی فەیك نیوزیشەوە، بۆچوونی جیاجیا هەن، بەڵام ئەوە یەكلایە هەزاران ساڵە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هەواڵی درۆ و ساختە وەک پیلانێک بۆ سەرکەوتن و لەچوارچێوەی جەنگی دەروونیدا بەكارهاتووە، گایۆس ئۆکتاڤیۆس تۆرینۆس، یەکەمین ئیمپراتۆری ڕۆم لە دوایین شەڕی لەگەڵ ڕکابەرەکەی مارکۆس ئانتۆنیۆس، هەڵمەتێکی بەربڵاوی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری هەڵە لە دژی ڕکابەرەکەی پیادەی كردووە، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەواڵ و زانیاری درۆ بەڵام پۆزەتیڤی لەبارەی خۆیەوە بڵاودەکردەوە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ سەرکەوتن بەسەر مارکۆسدا (٢٠١٨، ڕادیو زمانە)، بەم پێیەش دروستكردنی هەواڵی ناڕاست هاوتای سەرهەڵدانی چەمكی هەواڵ خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی هۆكارەكانی گەیاندندا ئەویش پەرەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە دیوە، بۆ نموونە لە سەدەی نۆزدەیەم "ڕۆژنامەوانی زەرد" سەریهەڵدا كە لەسەر قەبەكردنی هەواڵ و گەورەكردن و زیادەڕۆییكردن تێیدا یان هەوڵی شێواندن كاری دەكرد لەبەر هەندێ بەرژەوەندی تایبەت. بەرلەوەی زاراوەی "فەیك نیوز" بەچڕوپڕی سەرهەڵبدات (aljazeera.net, 2020) بەتایبەت پاش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە 2016 بۆ سەرۆكایەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە توێژەران سەردەمەكەی بەهاندەری ڕق و قین و تەنگەتاوكردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدەنە قەڵەم، بەدوای ئەوەشدا دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا و هەندێک ڕووداوی تری وەك ڕاپرسی سەربەخۆیی كەتالۆنیا (al maaref cs.org,2018).
بەپێی تویژینەوەیەکی زانکۆی ستانفۆرد، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2016 ی ئەمریکادا ئەو وێبسایتانەی هەواڵی فەیکیان بڵاوکردووەتەوە 150 ملیۆن سەردانکەریان هەبووە، هەروەها لە ماوەی کەمپینەکانی هەڵبژارندا ئەو هەواڵانەی کە زۆرترین جار لەلایەن خەڵکەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شەیر کراون هەواڵی فەیک بوون. بۆ نموونە ئەم چەند هەواڵە فەیکە لەوانەن کە زۆرترین شەیر کراون: (پاپای ڤاتیکان پشتگیری خۆی بۆ ترەمپ ڕاگەیاند)، (هیلاری کلینتۆن چەکی بە داعش فرۆشتووە)، (ئەو بەرپرسەی ئێف بی ئای کە گومانی لێ دەکرا ئیمەیلەکانی هیلاری ئاشکرا کردووە کوژرا) ( تێلیگراف، 2018).
مەترسییەكانی ساختەهەواڵ:
مەترسی ساختەهەواڵ لەوكاتەوە زیاتر زەقبووەتەوە، كە هۆكارەكانی گەیاندن زۆر زیاتر لە جاران پەرەیان سەندووە و بەخێرایی و ساناتر لە جاران وەرگر و خوێنەر هەواڵ و زانیارییەكانیان پێ دەگات، لە سایەی ئەم دۆخەشدا زۆر قورسە بۆ وەرگر هەواڵی ڕاست و ناڕاست لە یەكتر جیا بكەنەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییە تەنانەت بۆ بەرپرسانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان (الیونسكو، 2020، ص 31).
ئەم دۆخەی كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستیانكردووە زادەی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی و پێشهاتە لەوانە: قەیرانی متمانە لە نێوان خەڵك و سیاسییەكان و نەبوونی زەمینەی هاوبەش بۆ بیركردنەوە و لێكگەیشتنیان R.Nielsenn& L.Graves) (2017) گواستنەوە لە ژینگەی سەدەی بیستەمەوە كە میدیای تەقلیدی باڵی بەسەردا كێشابوو بۆ ژینگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دەرفەتی شێركردنی زانیاری بە ئاسانی دەڕەخسێنن بێ ئەوەی بە هیچ فلتەر و پشتڕاستكردنەوەیەكدا بڕوات (H.Alcott & M.Gentzkow, 2017 Vol.31, p.215)
هەندێک بۆچوونی تر هۆكاری پەرەسەندنی ساختەهەواڵ دەگێڕنەوە بۆئەوەی كە خوێنەران، پشت ناونیشانەكان ناخوێننەوە و شێری دەكەن، ئەم حاڵەتەش لە هەندێ توێژینەوەدا بەڕێژەی 59% لەسەر بەكارهێنەرانی تویتەر تێبینی كراوە. هەندێ توێژینەوەش تەنها سۆشیالمیدیا بە بەرپرس نازانن لە تەشەنەكردنی ساختەهەواڵ چونكە ماڵپەڕ و ئامرازی تری پەخشكردنی هەواڵی جارێكیتر ئەو هەواڵە ساختانەی ناو سۆشیالمیدیا لە ڕێگای تایبەتی خۆیانەوە بڵاودەكەنەوە (بهنسي، 2019، 566).
سەرباری ئەمەش ڕاستییەك هەیە كە بەر لە سەردەمی ئینتەرنێت بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هەواڵ تێچوویەکی زۆری هەبوو، میدیایەک بۆئەوەی متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنێت ساڵانێک کارکردنی پێویست بوو، ڕۆژنامەوانی و کاری میدیایی پێناسە و چوارچێوەیەکی ڕوون و دیاریکراوی هەبوو، بەوهۆیەشەوە بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ بە تایبەت لە وڵاتانی ئازاد کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە میدیا ڕکەبەرەکان بە ئاسانی دەیانتوانی هەواڵ و زانیارییە درۆ و ساختەکان بۆ جەماوەر ئاشکرا بکەن، بەوشێوەیە میدیاکان لەپێناو پاراستنی متمانەی جەماوەر بە ئاسانی پەنایان نەدەبردە بەر فەیک نیوز، بەڵام بە هاتنی ئینتەرنێت و سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە وڵاتانی دیموکراسی و ئازاد هەموو بەربەستەکانی بەردەم ساختەهەواڵ تێکشکان و هەمووكەس دەرفەتی بۆ ڕەخسا كە هەواڵ بڵاوبكاتەوە (تەلیگراف، 2018). س
تەشەنەكردنی ساختەهەواڵ:
شارەزایان پێیانوایە، باوەڕکردن بە هەواڵ و زانیارییەکی ساختە دەبێتە هۆی ئەوەی بە خێرایی ئەو هەواڵە ساختەیە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوببێتەوە، لەهەمانكاتیشدا دژایەتیکردنیشی هەر دەبێتە هۆی خێرا بڵاوبوونەوەی. بەو واتایەی ئەگەر بێتو متمانە بە زانیارییە ساختەكە بکەین ئەوا بەوپێیەی باوەڕمان پێیەتی بۆ خەڵکی دیکەی دەگوازینەوە، بەڵام ئەگەر دژیشی بوەستینەوە، دیسانەکە بۆئەوەی بۆ خەڵکی ڕوونبکەینەوە کە ئەم هەواڵە ساختە و ناڕاستە، دیسانەکە پەرەمان بە بڵاوکردنەوەی داوە، ئەو کاتە ئەوە خەڵکن کە هەواڵە ساختەكەیان بەدەستگەیشتووە بەپێی باوەڕی پێشووی خۆیان بڕیار دەدەن کە متمانە بە هەواڵەکە بکەن یان دژی بووەستنەوە، نەک ڕوونکردنەوەی لایەنێک یان ئەو کەسانەی کە دژی هەواڵەکەن. ( ٢٠٢٠، ایسنا).
بەگوێرەی توێژینەوەیەكیش كە پەیمانگای ماساچوستێس بۆ تەكنەلۆجیا ئامادەی كردووە لە 2018، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە زۆر خێراترە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تا هەواڵە ڕاستەكان، ئەمەش بەهۆی توانای زۆری ساختەهەواڵ لە دروستكردنی ترس و تۆقاندن و واق وڕمان لای وەرگر و خوێنەران، ئەمەش وایان لێ دەكات شێری بكەن لەگەڵ خەڵكی تر بەتایبەت لەسەر سۆشیالمیدیا كە سنور ناناسێت (aljazeera.net, 2020).
بەپێی توێژینەوەیەک کە یەکێتی ئەوروپا بودجەی بۆ تەرخانکردووە و ئامانجی توێژینەوەکەش ئەوەبووە کە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە سەرباری نالۆژیکی بوون و ناڕاستبوونی زانیارییەکانی هەواڵی فەیک بۆچی خەڵک متمانە بەو زانیارییانە دەکەن؟ لە توێژینەوەکەدا پشت بە زانستی (Neuroscience) بەستراوە كە شیکاری بۆ چۆنیەتی کارکردنی مێشکی مرۆڤ دەکات، ئەوەمان پێدەڵێت كە زانیاریی و داتا دووبارەکراوەکان هەموو جارێک لە شوێنكی تایبەتدا لە مێشكی مرۆڤدا جێ دەگرێت و لەڕێی هەندێک خانە و بە هەندێک دەماری دیاریکراودا هاتووچۆ دەکات، بەواتەیەکی دیکە ئەگەر مێشکی مرۆڤ وەک شارێکی پڕ لە جادە و شەقام و کۆڵان سەیر بکەین، ئەو زانیارییانەی کە لەگەڵ بیروباوەڕی پێشوومان یەکدەگرنەوە، بەخێرایی لەڕێی ئۆتۆبان و شارێگەکانەوە دەگاتە شوێنی مەبەست و مێشکی مرۆڤ بە خێرایی زانیارییەکە وەردەگرێت، بەڵام ئەو زانیارییانەی کە نوێن و لەگەڵ بیروباوەڕەکانمان یەکناگرنەوە بە کۆڵان و لاڕێگەدا هاتوچۆ دەکەن و لە شوێنێکی پەراوێزی ناو مێشکدا جێ دەگرن و هەر بە زوویش لەبیر دەکرێن. بەوپێیەی مرۆڤ بوونەوەرێکی سەرسەخت و پێداگرە و بە ئاسانی واز لە بیروباوەڕەکانی ناهێنێت، هەر ئەم تایبەتمەندییەش وا دەکات کە ئەو زانیارییە نوێیانە بە ئاسانی وەرنەگرێت کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی نەگونجێن، لە بەرانبەردا بە ئاسانی ئەو زانیارییانە وەردەگرێت کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی دەگونجێت، ئەمەش دەرفەت بۆ ئەوە دروست دەکات کە بە ئاسانی متمانە بەو هەواڵ و زانیارییە ساختانە بکات کە لەگەڵ باوەرەکانی دەگونجێت (٢٠٢٠، مشرق نیوز).
هەروەها زۆر بەڵگەی سەلمێنراوی تر هەیە كە بەراورد بە هەواڵی ڕاست، ساختەهەواڵ زۆر خێراتر و لە ئاستێکی بەربڵاوتردا لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، بۆ نموونە، بەپێی توێژینەوەیەکی ئێم ئای تی، ١٪ بەهێزترین هەواڵە فەیکەکان لە نێوان هەزار بۆ 100 هەزار کەس بڵاودەبێتەوە، بەڵام بۆ هەواڵە ڕاستەکان ئەم ڕێژەیە بە ئاستەم هەزار كەس تێدەپەڕێنێت (2020، knowledge4policy.ec.europa.eu). جگەلەوەش ساختەهەواڵ هەڵگری چێژ و سەرسوڕمان و شتی ناباوە، بەڵام ڕاستییەكان سادە یان زانراون، ساختەهەواڵ تایبەتمەندییەكی تریشی هەیە بەخێرایی دزە دەكات و تەشەنە دەكات و هیچ پشكنین و سۆراغكردنێكی پێویست نییە (Academy DW ).
ڤیدیۆی ساختە (دیپ فەیک)
دیپ فەیک، جۆرێکی نوێ و پێشکەوتووی فەیک نیوزە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی و درۆیەکی کارێکی ئاسان نییە، دیپ فەیک دروستکردنی زانیاری فەیکە لەڕێی ڤیدیۆوە لەڕێی تەکنەلۆژیایەکی زۆر پێشکەوتووی زیرەکەوە (dubai post.ae,2020).
مێژووی دروستكردنی ئەم تەكنیكەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ كە توێژەرێکی بەناوبانگی بواری سیستمی زیرەک، سیستمێکی زیرەکی دروستکرد کە کورتکراوەکەی بریتییە لە سیستمی GAN، کە بۆ کارکردن بوو لەسەر وێنە و ڤیدیۆ و ئامانجیش لە دروستکردنی ئەم سیستمە بەکارهێنانی بوو لە بەرهەمهێنانی فیلم و یاری کۆمپیوتەری و فاشیۆن، بەڵام زۆری نەخایاند ئەم سیستمەیان لە پیشەسازی پۆرنۆگرافیدا بەکارهێنا. ئەمەش بیرۆکەی ئەوەی لای هەندێک کەس دروستکرد کە ئەم سیستمە زیرەکە لە دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی فەیکدا بەکاربهێنن و یەکەمجار وێنە و ڤیدیۆی هەندێک کەسی ناسراو و بەناوبانگیان خستە سەر وێنە و ڤیدیۆی ئەکتەرەکانی پۆڕن کە تەنانەت کەسانی زۆر شارەزاش نەیانتوانی بیسەلمێنن کە ئەمە فەیک و درۆیە. بەم جۆرە ژانرێکی نوێ لە فەیک نیوزدا دروستبوو بەناوی دیپ فەیک (دۆویچە ولە، 2019).
دیپ فەیك لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە بەردەستە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی "Reddit " لەسەر پێگەیەك كە هەڵگری ناوی " deepfakes"، لەم سیستمەدا زۆر بە ئاسانی دەکرێت سەری کەسێک یان ئەندامانی جەستەی کەسێک بخرێتەسەر جەستەی کەسێکی دیکە و هەر جوڵە و ڕەفتارێک بیانەوێت بەو کەسەی دەکەن. ئەم سیستمە کار لەسەر دەنگیش بە هەمان دیقەت و وردی دەکات، هەندێک قسە دەخەنە سەر زمانی کەسێکەوە کە ئەو کەسە هەرگیز ئەو قسانەی نەکردووە و تەنانەت هەرگیز ئەو وشانەشی بەکارنەهێناوە. دیارترین نمونەی دیپ فەیک ئەو ڤیدیۆیە بوو کە بۆ باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دروستکرابوو، کە تیایدا لە پەیامێکدا دەڵێت سەرۆک ترەمپ کەسێکی گەمژەیە، ئەم ڤیدیۆیە ئەوەندە بە وردەکارییەوە دروستکراوە کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڤیدیۆ ڕاستەقینەکانی پێشووی ئۆبامادا نییە (arageek.com, 2020)؛ (dubaipost.ae,2020).
شارەزایان باس لەوە دەكەن، دیپ فەیك ئاستی تەحەداكان بۆ بینەر و وەرگر زۆر بەرزدەكاتەوە و ئەوە دەكاتە ئەرك بەسەرمانەوە كە بڕوا بە هەمووشت نەكەین، تەنانەت ئەگەر ڤیدیۆش بێت، چونكە ساختەكاری تەنها لە بواری فۆتۆشۆپدا نییە و خۆی گەیاندووەتە ئەم بوارەش (towardsdatascience.com, 2018)، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا ئەم تەكنیكە بەشێوەیەكی بەربڵاو بەكارهاتووە بۆ شێواندنی ناوبانگی ژنان و دروستكردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ كەسە دیارەكان و دروستكردنی كەیس بۆیان (arageek.com, 2020).
زۆربەی شارەزایان هاوڕان کە دیپ فەیک مەترسییەکی جدییە بۆ سەر سیاسەت و ئاسایش. مەترسییەکەش لەوە دەستپێدەکات کە کەس و لایەنی نەیار مەبەستی بێت بۆ تۆڵەکردنەوە و سوککردنی سیاسییەک ڤیدیۆیەک دروستبکات کە ئەو سیاسییە تیایدا هەندێک زانیاری نهێنی یان لێدوانی مەترسیدار بدات و بەمەش بە ئاسانی ڕای گشتی چەواشە بکەن (al-ain.com, 2019). بە بۆچوونی شارەزایان مەترسییەکە هەر لەوەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەی دیکەش ئەوەیە کە ڤیدیۆی دیپ فەیک دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی گشتی، بە جۆرێک ڕایگشتی ئەگەر ڤیدیۆیەکی ڕاستەقینەش ببینین باوەڕ ناکەن بە ڕاستییەکە و وەک دیپ فەیک سەیری دەکەن.
لە ئێستادا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەیان ملیۆن دۆلار بودجەی تەرخانکردووە بۆئەوەی سیستمێک دروستبکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی دیپ فەیک و جیاکردنەوەی ڤیدیۆی فەیک لە ڤیدیۆی ڕاست، هەروەها کۆمپانیاکانی فەیسبوک و گوگڵیش بە جیا سەرقاڵی توێژینەوەی لەسەر دروستکردنی سیستمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی دیپ فەیک. هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لەڕێی سیستمێکەوە بەناوی فەکتن چێکێر هەوڵدەدات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی دیپ فەیک، بەڵام بەرپرسی بەشی یو جی سی (پشتڕاستکردنەوەی یو جی سی ڕۆیتەرز) دەڵێت: ئەو دیپ فەیکانەی بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ دروستکراون تەنانەت کەسانی زۆر پڕۆفیشناڵ و بە ئەزموونی بواری تەکنەلۆژیاش بە هەڵەدا دەبەن ( ٢٠١٩، دۆویچە ولە).
ڕێوشوێنەكانی ئاشكراكردنی ساختەهەواڵ
ناکرێت میدیاکار یان خوێنەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان كە سەرچاوەیەکی گرنگی دەستخستنی زانیارین پشتگوێ بخات، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەیەکی بەرفروانی ساختەهەواڵن و زۆرجار ڕۆژنامەنووسی تەنانەت بە ئەزموونیش کەوتوونەتە تەڵەی ئەو زانیارییە فەیکانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە مەبەست یان بەبێ مەبەست بڵاوکراونەتەوە. لەلای خۆیەوە کۆمپانیای فەیسبوک کۆمەڵێك ڕێكاری ڕاگەیاندووە بۆ جیاکردنەوەی هەواڵی ڕاست لە فەیک كە ئەمانەی خوارەوەن (alarabiya,2020)؛ (dw.com,2018):
یەکەم: سەرنجدان لە مانشێتی هەواڵەکان، ئەو مانشێتانەی زۆر سەرنجڕاکێشن و نیشانەی پرسیار یان سەرسوڕمانیان هەیە، ئەوە بە ئەگەری زۆر فەیکن.
دووەم: تەماشاكردنی لینکی وێبسایتەکان، ئەو وێبسایتانەی هەواڵی فەیک بڵاودەکەنەوە زیاتر ناو و نیشانی نزیک لە ماڵپەڕ و ئاژانسە گرنگ و متمانەپێکراوەکان بەکاردەهێنن، وەک ئێس ئێن ئێن کە نزیکە لە سی ئێن ئێن ... تاد.
سێیەم: گرنگیدان بە سەرچاوەی هەواڵ، ئەگەر سەرچاوەکە کەس یان لایەنێکی خۆشناو و باوەڕپێکراو نەبوو، یان لە وێبسایتێک وەرگیرابوو کە ناسراو نەبوو، ئەوە گومان لە دروستییەکەی بکەن.
چوارەم: سەیری ڕێنووس و ڕێزمانی هەواڵەکە بکەن، زۆربەی هەواڵە فەیکەکان پڕن لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان.
پێنجەم: سەرنجدان لە وێنەكان، بەشێک لە هەواڵ و ڕاپۆرتە فەیکەکان دەستکاری وێنە بنەڕەتییەكان دەکەن.
شەشەم: تەماشاكردنی بەروار و ڕێککەوتەکان، لە هەواڵە ساختەکاندا زۆرجار ڕێکەوتی سەیر و سەمەرە و بێ واتا دادەنرێت کە یەکناگرێتەوە لەگەڵ کاتی ڕووداوەکە.
حەوتەم: تەماشاكردنی بەڵگەکان، ئەو بەڵگانەی کە ناوی نووسەرەکەی تێدا هاتووە، نەبوونی هیچ سەرچاوەیەک یان نەبوونی ناوی نووسەر یان نەناسراوبوونی نووسەرەکە دەتوانێت بەڵگە بێت بۆ فەیکبوونی هەواڵەکە.
هەشتەم: سەرنجدان لە شوێنی بڵاوبوونەوەی، ئایا هەواڵە لە هیچ شوێنێکی دیکەی متمانەپێکراو بڵاوبووەتەوە یان نا؟ ئەگەر لە هیچ شوێنێکی دیکە بڵاونەبووبێتەوە دەکرێت بەڵگەبێت بۆ فەیکبوونی هەواڵەکە.
سەرچاوەکان
- الیونسكو (2020)، الصحافة والأخبار الزائفة والتضليل،الأردن.
- ٢٠١٨، تێلێگراف، جەیمز کارسۆن، وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی فارسی لەلایەن جویا ئاروین، بڵاکراوە لەلایەن ڕادیۆی زمانە، https://bit.ly/393t58v (سەردان: 13/1/2021)
- ٢٠١٩، دۆویچە ولە، دیپ فیک، وقتیکە بە چشمانمان هم نمی توانیم اعتماد کنیم، https://bit.ly/390oMe7
(سەردان: 10/1/2024)
- ٢٠٢٠، ایسنا، اخباری کە زندگی آدمها ڕا نابود می کنند، https://bit.ly/35TjsqY (سەردان: 12/1/2024)
- ٢٠٢٠، بی بی سی، https://bbc.in/3c0r2nM (سەردان: 13/1/2024)
- أكاديمية دوتشي فيلیە Academy DW ))، الأخبار الزائفة والتربية الإعلامیة والمعلوماتية، تجارب المغرب وتونس والجزائر، 2019، (سەردان: 12/1/2024)
- مشرق نیوز، ٢٠٢٠، چی چیزی باعث می شود اخبار جعلی ڕا باور کنیم؟ https://bit.ly/3oZAb3m
(سەردان: 15/1/2024)
٢٠٢٠، knowledge4policy.ec.europa.eu، https://bit.ly/3bWCJLV (سەردان: 13/1/2024)
- https://al-ain.com/article/deepfake-ai-trust
(سەردان: 10/1/2024)
- https://towardsdatascience.com/why-deepfakes-are-a-good-thing-10ceb86deaed
(سەردان: 15/1/2024)
- https://www.alarabiya.net/ar/technology/2017/04/07/10-%D9
- (سەردان: 11/1/2024)
- https://www.aljazeera.net/blogs/2020/5/24/%D9%85%D8%B3%D8%A7%D8%B1-
(سەردان: 10/1/2024)
- https://www.aljazeera.net/news/international/2018/4/2/%D8%A8%D9%8A%D9%
(سەردان: 12/1/2024)
- https://www.almaarefcs.org/4685/275
(سەردان: 13/1/2024)
- https://www.amnesty.org/ar/latest/news/2020/05/in-a-post-covid19-world-fake-news-laws-a-new-blow-to-freedom-of-expression-in-algeria-and-morocco-western-sahara/
(سەردان: 15/1/2024)
- https://www.dubaipost.ae/ar/short-n-easy/useful-and-inspiring/2020-10-12-1.7964
(سەردان: 10/1/2024)
- https://www.dw.com/ar/%D8%A7%D9%83%D8%B0%D8%A8-
(سەردان: 12/1/2024)
- https://www.dw.com/ar/%D9%81%D9%8A%D8%B3%D8%A8%D
(سەردان: 13/1/2024)