به‌ڕێز عه‌باس عه‌لی
قسه و ڕه‌فتاری سه‌كرده و كه‌سی سیاسیی ده‌بێت به وریایی و ئاگایی و هوشیارییه‌كی قوڵه‌وه بێت، چونكه بۆ چینێكی دیاریكراو قسه ناكات، به‌ڵكوو بۆ میلله‌تێك قسه ده‌كات كه له‌ڕووی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و ئایین و چینی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز ... تاد پێكدێت، هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یان ڕه‌فتارێكی ناپه‌روه‌رده‌یی و ناشارستانی له نزیك مه‌ودا و دوور مه‌ودادا كاریگه‌ریی نه‌رێنی دروست ده‌كات و ده‌بێته هۆی لاساییكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه.
ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 18/10/2024 ده‌نگدانی تایبه‌تی و 20/10/2024 ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا. گوتاری به‌شێكی گرنگی لایه‌ن و سه‌ركرده سیاسییه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌كانیان گوتارێكی زۆر توند و زبر بوو، به‌جۆرێك مرۆڤ زۆرجار ناچار ده‌بوو نه‌توانێت هەتا كۆتایی وشه‌كانیان ببیستێت!
له‌كاتی هه‌ڵبژاردن و له كاته ئاساییه‌كانی تریشدا سیاسییه‌كان ده‌بێت به هه‌موو جۆرێك ئاگایان له ڕه‌فتار و هه‌روه‌ها ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژانه بێت كه له زمانیان دێته‌ده‌ر، چونكه كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر هاوڵاتییه‌كانی به‌جێده‌هێڵێت به‌تایبه‌تتر له‌سه‌ر فێرخواز له ناوه‌نده‌كانی خوێندن.
له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه ده‌وامی قوتابخانه و خوێندنگه‌كان ده‌ستیپێكردەوە له‌ڕووی كرده‌ییه‌وه مامۆستایان هه‌ستیان به كاریگه‌ریی قسه و ڕه‌فتاری سیاسییه‌كانیان زیاتر بۆ ده‌ركه‌وت، چونكه فێرخوازه‌كان له پۆلدا ئه‌و ڕه‌فتار و وشه خراپ و ده‌سته‌واژه ناپه‌روه‌رده‌یی و توندوتیژانه‌یان دووباره ده‌كرده‌وه كه سیاسییه‌كان له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌یانكرد و ده‌یانگووت. سیاسییه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی ڕۆڵیان هه‌بێت له چاره‌سه‌ركردنی گرفته په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌یه‌كی تریان بۆ مامۆستا و په‌روه‌رده‌كاران زیادكرد ئه‌ویش ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌كانه له‌كاتی قسه‌كردن و ڕه‌فتاركردنیاندا! به‌ناوی (تای هه‌ڵبژاردن)ه‌وه به‌شێكی زۆری هێزه‌كان هه‌موو وشه‌یه‌كی نه‌شیاو و ڕه‌فتارێكی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه ئاگایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ده‌رهاویشته‌ی چۆن ده‌بێت و بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه فێرخوازی قوتابخانه و خوێندنگه‌كان سه‌یریان ده‌كه‌ن و دواتر ده‌بێته مۆد!
گوتار و ڕه‌فتاری به‌شێكی گرنگی سیاسییه‌كان گوتار و ڕه‌فتارێكی توندوتیژه، بۆ خۆنمایشكردن و خۆسه‌لماندن پشت به‌هێزی سه‌ربازی ده‌به‌ستێت! ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی له گوتاره‌كانیاندا به ڕوونی هه‌ست به توندوتیژی زمانی ده‌كرێت و ئه‌م توندوتیژی زمانییه ده‌بێته میوانی هه‌میشه‌یی فێرخوازان و لاساییان ده‌كه‌نه‌وه. توندوتیژی زمانی هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو به كولتوور ئیدی سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی ئاسان نابێت، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له چه‌ند ده‌یه‌ی پێشتر سیاسییه‌كان هه‌موو توندوتیژییه‌كی زمانییان تاقیكرده‌وه ئێستاش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی باجه‌كه‌ی ده‌دات و هه‌رماوه!
توندوتیژی زمانی ڕه‌فتارێكی زمانی دركاو یان نووسراوه كه مۆركێكی په‌لامارده‌رانه یان به‌رگریكارانه وه‌رده‌گرێت، تاك یان كۆمه‌ڵێك له دژی تاك یان كۆمه‌ڵ یان ده‌سته‌یه‌كی تری به‌رانبه‌ر پیاده‌ی ده‌كه‌ن، جا ئاماده‌بێت یان نائاماده، ئه‌مه‌ش له‌كاتی ڕوودانی زیانێكی ماددی یان مه‌عنه‌وی یان له‌كاتی ڕوودانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه یان پێشبڕكێ یان ململانێ یان ده‌ستدرێژی، توندوتیژی زمانی ده‌توانرێت له ڕێگه‌ی تێبینیكردنی ڕاسته‌وخۆوه له‌كاتی پیاده‌كردنی هه‌ستی پێ بكرێت. ئه‌م جۆره له سنووری زماندایه پشت به به‌كارهێنانی ڕه‌ق و زبری زمان ده‌به‌ستێت(1).
له‌باره‌ی كاریگه‌ریی لاساییكرنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری سیاسیی و سه‌ركرده‌كانه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕووداوێكی مێژوویی سه‌رنجڕاكێش، چیرۆكێك له‌باره‌ی (لویسی چوارده‌یه‌م) پاشای فه‌ڕه‌نسا ده‌گێڕنه‌وه، كاتێك لویس له شه‌وە ئاهه‌نگێكدا له كۆشكه‌كه‌یه‌وه به‌ره‌و لای میوانه‌كانی ده‌ڕوات و به‌هۆی بارینی بارانه‌وه ده‌رلنگی پانتۆڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كات، كه ده‌گاته ئاهه‌نگه‌كه له بیری ده‌چێت قه‌راغی پانتۆڵه‌كه‌ی دابداته‌وه، هه‌ربۆیه بۆ سبه‌ی شه‌و ته‌واوی ئاهه‌نگێڕان به مۆدێله‌كه‌ی لویس پانتۆڵه‌كه‌یان كورت ده‌كه‌نه‌وه، لێره‌وه مۆدێلی فه‌ڕه‌نسیی پانتۆڵ داكه‌وت كه ته‌نانه‌ت دوای دوو سه‌ده‌ش له‌كاتی داگیركردنی فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه، هیتله‌ر به‌و هه‌موو زه‌بر و زه‌نگه‌وه نه‌یتوانی ئه‌و مۆدێله بسڕێته‌وه(2). له ڕێگه‌ی ئه‌م نموونه مێژووییه‌وه تێ ده‌گه‌ین سیاسییه‌كان كه ده‌بێت چه‌ند به ئا‌گاییه‌وه ده‌سته‌واژه‌كان ده‌رببڕن و ڕه‌فتار بنوێنن.
وانه‌یه‌ك هه‌یه به‌ناوی (مافی مرۆڤ)، پۆلی ده‌یه‌م به هه‌ر دوو قۆناغی وێژه‌یی و زانستی ده‌یخوێنن، ئه‌م وانه‌یه بۆ هه‌ر مامۆستایه‌ك ده‌یڵێته‌وه ده‌بێته ئیحراجی بۆی! چونكه هه‌ندێك بابه‌تی تێدایه له‌گه‌ڵ گوتار و ڕه‌فتار و دونیابینی به‌شێكی گرنگی سیاسییه‌كاندا نایه‌ته‌وه، بۆ نموونه له‌وانه (پاراستن له توندوتیژی) و (جیاوازی نه‌كردن له به‌رده‌م یاسادا)، له كتێبه‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات ده‌بێت مرۆڤ ئازار و ئه‌شكه‌نجه نه‌درێت، هه‌روه‌ها توندوتیژیی و ئه‌شكه‌نجه به‌پێشێلكردنی مافی مرۆڤ داده‌نرێت، له باسی جیاوازی نه‌كردن له به‌رده‌م یاسادا له ناوه‌ڕۆكدا باس له‌وه ده‌كات ده‌بێت یاسا به‌سه‌ر هه‌موواندا وه‌ك یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت و كه‌س له‌سه‌رووی یاساوه نه‌بێت به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، یان به‌هۆی پله‌وپایه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵات، باری ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ... تاد(3). ده‌پرسین سیاسییه‌كان ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پرۆگرامه‌كه و مامۆستای وانه‌كه ده‌یڵێت؟ چونكه ئه‌گه‌ر وانه‌بێت په‌یامه په‌روه‌رده‌ییه‌كه ناگات، مامۆستایان هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن فێرخوازه‌كانیانه‌وه و ده‌پرسن: مامۆستا تۆ و پرۆگرامه‌كه‌ش باسی گرنگی یاسا و سه‌روه‌ری یاسا و خراپی توندوتیژی ... تاد ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه لێپرسراو و سیاسیی و سه‌ركرده‌كان پیاده‌ی ناكه‌ن ئیدی ئێمه بۆچی بیخوێنین؟!
له قوتابخانه و خوێندنگه‌كان ده‌بێت به لێبورده‌یی و دوور له زمانی زبر و توندوتیژیی و به‌شێوه‌یه‌كی شارستانی و به دیموكراسی مامۆستا له‌گه‌ڵ فێرخوازه‌كانی قسه و ڕه‌فتار بكات، به‌ڵام ئه‌مه هەتا ئه‌و كاته ئامانجی خۆی ده‌پێكێت كه سیاسیی و سه‌ركرده‌كان به‌هه‌مان شێوه ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هاونیشتیمانی خۆیاندا بكه‌ن ئه‌گه‌رنا جێی خۆی ناگرێت.
گوتار و ڕه‌فتاره‌كانی سیاسیی و سه‌ركرده‌كان نابێت پێچه‌وانه‌ی گوتار و ڕه‌فتاره‌كانی ناو قوتابخانه و خوێندنگه بێت، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه دیموكراسی لای ئێمه هه‌نگاوێك ناچێته پێشه‌وه و له‌گه‌ڵ دونیای پێشكه‌وتوودا ناڕۆین، هۆكەشی ئەوەیە ئێمه ئه‌مانه‌وێت له قوتابخانه و خوێندنگه‌كان فێرخوازه‌كان به میتۆدی نوێ و په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ ئاشنا بكه‌ین، كه‌چی به‌شێكی گرنگی سیاسی و سه‌ركرده‌كان پێچه‌وانه قسه و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كاریگه‌ری نه‌رێنی دروستبكات و په‌روه‌رده و فێربوون له قوتابخانه و خوێندنگه‌كان ئامانجی دروستی خۆی نه‌پێكێت. (ژان ژاك ڕۆسۆ) له كتێبی (ئێمیل) ده‌ڵێت:( تكا ده‌كه‌م له مامۆستا گه‌نجه‌كان ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێ كه له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك ده‌بێ قسه و كرده‌وه‌تان یه‌ك بێ، چونكە منداڵ زۆر خێرا ئه‌و شته‌ی ده‌یڵێن و ده‌بیستن له بیریان ده‌چێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان ده‌كرێت دره‌نگتر فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن)(4)، ئه‌مه‌ی ڕۆسۆ ده‌یڵێت وەك چۆن بۆ مامۆستا ڕاسته بۆ سیاسی و سه‌ركرده‌كانیش هه‌ر ڕاسته. ئه‌گه‌ر مامۆستا بۆ هه‌میشه باسی عه‌داله‌ت و یه‌كسانی و ڕێزگرتن له جیاوازی ... تاد بكات بۆ فێرخوازه‌كانی په‌یامه‌كه‌ی ناگات تاوه‌كوو سیاسی و سه‌ركرده‌كان گوتار و ڕه‌فتاریان هه‌مان گوتار و ڕه‌فتاری مامۆستاكه نه‌بێت!
قوتابخانه په‌یامی به‌رزوباڵای هه‌ڵگرتووه، هەربۆیه پێویسته له هه‌ر شێوازێكی خراپ به‌كارهێنانی زمان، یان هه‌ر شێوازێكی تری نه‌شیاوی ناپه‌روه‌رده‌یی و ناشارستانی به‌دووربێت، قوتابخانه ده‌بێت به‌رده‌وام هونه‌ری ڕێز له‌یه‌كگرتن و ئه‌نجامدانی گفتوگۆی بنیادنه‌رانه‌ی له‌سه‌رخۆ و ئامانجداری په‌یوه‌ندییه‌كان بێت. له‌كاتی هه‌ر ڕا جیاوازییه‌كییه‌كیش بۆ ڕازیكردنی به‌رانبه‌ر پشت به به‌ڵگه و وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی زانستی و لۆجیكی ئه‌زمونكراو و سه‌لمێنراو ببه‌ستێت. قوتابخانه ده‌بێت ئه‌ركی ڕاهێنان و مه‌شقپێكردتی قوتابی له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت هەتا بتوانن ڕه‌خنه‌ی زانستی و بابه‌تی بنیادنه‌رانه بگرن، تا نه‌وه‌كانی ئایینده فێری به‌ها باڵاكانی لێبورده‌یی و قبوڵكردنی به‌رانبه‌ر ببن، بكرێنه‌وه به‌ڕووی هه‌ر جیاوازییه‌ك دوور له هه‌ڵچوون و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و توندڕه‌ویی و لادانی هزری، ئایینی، ڕامیاری، كۆمه‌ڵایه‌تی(5). ئه‌مانه هه‌مووی كاتێك له نه‌وه‌كانی ئایینده دێنه‌دی كه له‌گه‌ڵ گوتار و ڕه‌فتاری سیاسییه‌كان بێنه‌وه و هاودژ نه‌به‌ن.
جوگرافیناسی ناسراو مامۆستا (كه‌ریم زه‌ند) له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییدا مامۆستای (پ.د. عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سووڵ) بووه، ڕۆژێك مامۆستا كه‌ریم زه‌ند ده‌چێته پۆله‌وه و داوا له قوتابییه‌كان ده‌كات كاغه‌ز ده‌ربێنن بۆ ئه‌وه‌ی فیدباكی قوتابییه‌كان بزانێت به‌رانبه‌ر خۆی، پێیان ده‌ڵێت بنووسن و پرسیارێكتان لێ ده‌كه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ڕات چییه به‌رانبه‌ر من؟ یه‌كێك له قوتابییه‌كان هونه‌رمه‌ند (شه‌ماڵ سائیب) ده‌بێت و وه‌ڵامێك ده‌داته‌وه بۆ مامۆستا كه‌ریم زه‌ند ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و ده‌یه‌وێت بزانێت كێ نووسیویه‌تی، مامۆستا كه‌ریم زه‌ند ده‌پرسێت و شه‌ماڵ سائیب ده‌ڵێت: من نووسیومه، ئه‌ویش ده‌ڵێت: باشه ئه‌وه نووسیوته تۆ مامۆستای چاكی، ده‌رسی باش ده‌ڵێیته‌وه، به‌ڵام كه ده‌چیته ماڵه‌وه خواردن حازر نابێ، له‌گه‌ڵ دایكت شه‌ڕ ده‌كه‌یت، پیاوێك پیاو بێ، چۆن له‌گه‌ڵ دایكی‌دا شه‌ڕ ده‌كات؟ مامۆستا كه‌ریم زه‌ند وتوویه‌تی: باشه، تۆ حساباتی ماڵی من چۆن ده‌زانی؟ له كوێوه زانیوته و ده‌یزانی؟(6). فێرخواز به‌وشێوه‌یه‌یه ته‌نیا گوتار و ڕه‌فتاره‌كانی ناوخۆی قوتابخانه و خوێندنگه كاری تێناكات، به‌ڵكو ده‌ره‌وه‌شی بۆ گرنگه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
فێرخواز ئه‌گه‌ر بزانێت ئه‌وانه‌ی ناو خوێندنگه كه فێری ده‌بێت خزمه‌ت به ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه ناكات ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه وه‌رده‌گرێت نه‌ك ئه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خوێندنگه، چونكه ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه هێز و ده‌سه‌ڵاتی زیاتره له ناوه‌وه‌ی خوێندنگه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی ناو خوێندنگه باشتریش بێت! ده‌كه‌وێته به‌راوردكاری ئه‌گه‌ر بۆی ده‌ربكه‌وێت ئه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كان و مامۆستاكان باسی ده‌كه‌ن و ده‌یڵێن بۆ نموونه له‌باره‌ی پاراستنی ژینگه و ئازادی ڕاده‌ربڕین و سه‌روه‌ری یاسا و به ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گرنگی دیموكراسی ... تاد له‌گه‌ڵ گوتار و ڕه‌فتاری سیاسی و سه‌ركرده‌كان یه‌كناگرێته‌وه و ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن، ئه‌وه ئه‌وكات فێرخواز په‌روه‌رده و فێربوونه‌كه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نابێت. ئه‌مه نه‌ك هه‌ر بۆ فێرخواز ، به‌ڵكو بۆ مامۆستاش دروسته، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده زۆرجار ده‌یه‌وێت به‌ناو جیا جیاوه په‌ره به توانای مامۆستا بدات و خولیان بۆ بكاته‌وه و ڕاهێنانیان پێ بكات و ئاستی په‌روه‌رده‌یی و زانستی قوتابخانه‌كان به‌رز بكاته‌وه، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتداران و لێپراسراون و سیاسییه‌كان به‌جۆرێك گوتار ده‌ده‌ن و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن ته‌واو پێچه‌وانەیە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌یه‌وێت، هەربۆیه مامۆستاش پابه‌ند نابێت و وه‌ك شتێكی ڕۆتینی ده‌یبێنێت!
كایه‌ی په‌روه‌رده و فێربوون له قوتابخانه و خوێندنگه‌كان كایه‌یه‌كی هه‌ستیار و گرنگه، كاتێك ئه‌ڵمانیا شكستی هێنا به‌رانبه‌ر ناپلیۆن له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا خه‌ڵكی ئه‌ڵمان تووشی جۆرێك له ڕووخان و بێزاری و بێتاقه‌تی بوون، له‌و كاته‌دا فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی (فیخته) گوتارێكی ئاڕاسته‌ی گه‌لی ئه‌ڵمان كرد و باسی له‌وه كرد ئه‌م شكسته شكستێكی په‌روه‌رده‌ییه پێش ئه‌وه‌ی شكستێكی سه‌ربازی بێت، داوای ئه‌وه‌ی كرد پێویسته سیسته‌می فێركرنی ئه‌ڵمانی بگۆڕدرێت به سیسته‌مێكی نوێی په‌روه‌رده‌یی(7). سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌یان بۆ ده‌رناهێنێت و مه‌ترسی بۆ كورسییه‌كانیان دروست ده‌كات دواشت بیری لێ بكه‌نه‌وه گرنگیدانه به كایه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنێكی هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتوو، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش هەتا ئه‌و سنووره ده‌یه‌وێت په‌روه‌رده پێشبخات كه له سنووری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌رنه‌چێت، یان ڕاستتر ئه‌وه‌ش ناكات، چونكه ئه‌گه‌ر وابوایه بۆ نموونه ساده‌ترینیان ئه‌وه‌یه ده‌بوایه بۆ بوون به به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌یه‌ك حزبیبوون مه‌رجی یه‌كه‌م نه‌بوایه!
مێژوونووسی ناسراوی كورد محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ (1880-1948) هه‌رزوو ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت گوتار و ڕه‌فتاری سیاسییه‌كان چه‌ند خراپ و نه‌رێنییه، هەربۆیه ساڵی 1927 ده‌بێته وه‌زیری مه‌عاریف(په‌روه‌رده)ی عێراق له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی ئه‌و ساڵه‌دا له مانكی ئەیلوول و به دیاریكراوی له 29/9/ 1927 گوتارێك ئاڕاسته‌ی هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌كانی وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت ده‌كات، گوتاره‌كه چه‌ند باسێك له‌خۆده‌گرێت، دیارترینیان باس له قه‌ده‌غه‌بوون و ڕێگه پێنه‌دانی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات به كاركردن له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و حزبه سیاسییه‌كان(8). نه له عێراق و نه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ داوای كردووه جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئێستا هه‌رێمی كوردستان و عێراقی تێدایه!
هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی پێشكه‌وتوون سیاسیی و سه‌ركرده‌كانیان گوتار و ڕه‌فتاره‌كانیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه‌كه بووه و باوه‌ڕیان پێی بووه، نه‌ك سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی شتێك بڵێت و بكات ئه‌وانیش شتێكی تر بڵێن و بكه‌ن! هه‌ندێكجار وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌یه‌وێت سیسته‌می خوێندنی بكاته سیسته‌مێكی مۆدێرن و پێشكه‌وتوو (زۆرجاریش بۆ نمایشه)، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه سیاسی و سه‌ركرده‌كانی سیاسی و سه‌ركرده‌یه‌كی كلاسیكی بن و نه‌گۆڕێن و له قاوغی خۆیاندا بمێننه‌وه! كۆریای باشوور بۆیه بوو به‌و كۆریای باشووره‌ی ئێستا دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی ده‌وڵه‌تی كۆریا به بارودۆخێكی پڕ له هه‌ژاریی و نه‌هامه‌تی و داگیركاری تێپه‌ڕبوو ڕژێمی ئه‌و وڵاته هه‌وڵیدا به ڕێگه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده گۆڕانكاریی له وڵات بێنێته كایه‌وه و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیموكراسی ببات(9). و بردیشی، چونكه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو له گوتار و ڕه‌فتاری سیاسییه‌كانیاندا.
گوتار و ڕه‌فتاری سیاسییه‌كان تاوه‌كوو به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وامی هه‌بێت زانست و په‌روه‌رده و فێربوون له ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ره‌و پێشه‌وه ناچێت. ده‌مێكه خه‌مخۆرانی ئێمه داوایان لێكردووین ئه‌و په‌ڵه‌ی به‌ناو چاوانمانه‌وه‌یه بیسڕین، په‌ڵه‌ی دواكه‌وتوویی! ئه‌وه‌تا له ژماره (5 و 6)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژ)ی ساڵی 1942 وتارێك نووسراوه به ناونیشانی (قوتابی و قوتابخانه)، نووسه‌ری وتاره‌كه به‌راوردی نێوان دونیای پێشكه‌توو ده‌كات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه ئه‌وان چۆن له ڕووی زانست و زانیاریی و په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه پێشكه‌وتوون و كوردیش دواكه‌وتووه، نووسه‌ری وتاره‌كه له شوێنێكدا ده‌نووسێت: (ئێمه كه گه‌لێكی دواكه‌وتووین هیچ نه‌بێت پێویستمانه چاو له‌و گه‌لانه بكه‌ین و له لاسایی كردنه‌وه‌یان فه‌رامۆش نه‌بین. تا زانست له هه‌موو قورنه‌یه‌كی خاكه‌كه‌مانا بڵاوبكه‌ینه‌وه و ئه‌م په‌ڵه‌ی وا به‌ناو چاوانمانه‌وه بیسڕین و ئه‌و قوڕه‌ی وا به شانمانه‌وه لایبه‌ین و بیته‌كێنین)(10).
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1- د. هه‌ڵمه‌ت سه‌ردار عه‌مه‌ر: خراپ به‌كارهێنانی زمان له بواری په‌روه‌رده‌دا، چاپی یه‌كه‌م، زنجیره چاپكراوه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2024، ل482-483.
2- دكتۆر یاسین سه‌رده‌شتی: وتارگه‌لێكی ڕه‌خنه‌یی مێژوویی، چاپی ئینته‌رنێت، زانكۆی سلێمانی، 2019، ل49.
3- ئا/ یوسف عوسمان حمد: مافی مرۆڤ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، 2023، ل28، 29.
4- ژان ژاك ڕۆسۆ: ئێمیل، وه‌رگێڕانی/ ڕه‌سوڵ سوڵتانی، چاپی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی ئاوێر، هه‌ولێر، ل114.
5- د. هه‌ڵمه‌ت سه‌ردار عه‌مه‌ر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل464.
6- ئازاد عه‌بدولواحید: پ.د. عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سووڵ ئه‌زموونێكی به بڕشت و قه‌ڵه‌مێكی سه‌ربزێو، چاپی یه‌كه‌م، خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، هه‌ولێر، 2019، ل24-25.
7- الدكتور احمد جودة: تاریخ التربیة والتعلیم فی العراق وأثره فی الجانب السیاسی 1534م-2011م، الجز‌ء الأول والثانی، الطلعة الأولی، شركة نورس بغداد للطباعة، بغداد، 2012، ص19.
8- الأستاذ الدكتور قحطان حمید كاظم و الأستاذ الدكتورة سلمی مجید حمید و الأستاذ الدكتور عبدالرزاق عبدالله زیدان: الوجیز فی التاریخ التعلیم فی العراق 1914- 1968، المطبعة المركزیة، جامعة دیالی، 2022، ص343-344.
9- چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا: په‌روه‌رده و نه‌ته‌وایه‌تی "لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆجیی مێژووییه له هه‌رێمی كوردستان"، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2010، ل67.
10- ع. چالاك: قوتابی و قوتابخانه، گۆڤاری (گه‌لاوێژ)، ژماره(5 و 6)، ساڵی سێیه‌م، مایس و حوزه‌یران 1942، ل34.