مافى نیشتیمان
مافى نیشتیمان
  2025/05/20     189 جار بینراوە    


خاڵ دیجیتاڵ:

بەناوی خوا

مافی نیشتمان[1]

نووسینی: عەلی حیسامی

وەرگێڕانی: کامیل کەسنەزانی

 

 

ئەو دەستە شیعرەی کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ساڵی یەکەم، ژمارە ٢ لاپەڕە ٧، لە لایەن دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بڵاو کراوەتەوە و دواتر ئەم دەستە شیعرە بە کاک ئەحمەدی موفتیزادەوە لکا، ڕاستی و ناڕاستییەکەی کەوتە ژێر پرسیارەوە، کە لەبەر چاوڕۆشنی و ڕۆشنکردنەوەی بابەتەکە، هەر لەمەڕ ئەم باسە، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی خوارەوە نووسراوە.

کاک ئەحمەد لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی (١٩٥٧ز) بە بڕیاری بنەماڵەکەی، بەرەو تاران ئەڕوا، لەم ماوەی نیشتەجێبوونەدا، لەگەڵ هەندێک لە کەسایەتییەکانی زانکۆ، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەی کۆلیژی یاسا و ئیلاهییات ئەبن بە ناسراو و بەم ئاشنایی و ناسینە، ئەوان لە توانای باڵای زانستیی کاک ئەحمەد بۆ وانەوتنەوە لەو کۆلێژە لە دوو بواردا ئاگادار دەبنەوە؛ یەکەم وانەی کەلام یان فەلسەفەی ئیسلامی و ئەوی تریان، وانەی فیقهی مەزهەبەکان. بەڵام بەهۆی بچووكی تەمەنەوە، مۆڵەتی وانەوتنەوەکەی بەناوی باوکییەوە دەردەچوو.

لە کۆلێژی ئیلاهییات، لە وتنەوەی وانەی زانستی کەلام بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی (١٩٦١ز) مۆڵەتی وانەوتنەوە لە کۆلێژی ئیلاهییات، بە فەرمی بەناوی خۆیەوە دەردەچوو، بەڵام هیچکات مۆڵەتەکە دەستی خۆی نەگەیشت! چونکە کاک ئەحمەد خۆی لە بەندیخانەی (قزل ‌قەلعە) بینییەوە.

لەلایەکی دیکەوە بۆ پەرەپێدان بە کولتووری نەتەوایەتیی کوردی، هەوڵ ئەدات لە ڕادیۆی تاران پڕۆگرامێک بە زمانی کوردی ڕێکبخات، تاکوو هەم خزمەتێک بە زمان و کولتووری کوردی بکات و هەم لەناو بەرنامەکەدا، بابەتە ئایینییەکانی خۆی درێژە پێبدات.

لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی (١٩٥٨ز) بەڕێز "دادوەر" کە ماوەیەک پارێزگاری شاری سنە بوو و ڕێزی تایبەتی لە کاک ئەحمەد دەگرت، لە وەزارەتی ناوخۆ ئەبێ بە نێوەنج - گوایە لە ڕێگەی بەڕێز ناسر زولفەقاری، جێگری سەرۆک وەزیرانەوە - تا ئاسانکاریی و کارگەلێک بکات. لە ئاکامدا، بەڕێوەچوونی پرۆگرامی کوردی لە ڕادیۆ تاران بە ماوەی "نیو کاتژمێر" بۆ بابەتە ئایینی و ئەدەبیەکان پەسەند کرا. لە جموجووڵ و چالاکییەکانی دیکەیان لە تاران، هەوڵدان بوو بۆ بڵاوکردنەوەی (ڕۆژنامەی کوردستان) بە زمانی کوردی.

لە دوای ماوەیەک پرۆگرامی ڕادیۆکە بۆ "یەک کاتژمێر و نیو" لە ڕۆژا بەرز دەبێتەوە و لە کەسایەتیگەلێکی دیکە  بۆ هاوکاری کردن لە ڕادیۆ بانگهێشت ئەکرێ. ڕێکخراوەی ساواک (ئاسایشی ئەوکاتە) لە پرۆگرامە ڕادیۆییەکانی کاک ئەحمەد زۆر دڵخۆش و ڕازی نەبوون. سەرەڕای ئەوە دوو کەسی دیکە واتە بەڕێزان "سدیق موفتیزادە" و "عەبدوڕەحمان موفتیزادە" کە هەردووکیان مامەی کاک ئەحمەد بوون و لە پرۆگرامی کوردی ڕادیۆ تاران چالاک بوون، حکوومەت لێیان ڕازی نەبوو، هەر لەبەرئەوە دەرچوونی ئیمتیازی ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ئەوانەوە لەلایەن دەوڵەت جێی ڕەزامەندی نەبوو. لە ئاکامدا بۆ ئەو مەبەستە بەڕێز "عەبدولحەمید بەدیعوززەمانی" کە  کەسایەتییەکی خوێنەر و پایەبەرز و دوور لە سیاسەت بوو، هان ئەدرێ ڕەزامەندی نیشان بدات کە ئیمتیازی ڕۆژنامە بەناوی ئەوەوە دەربچێت. ئیمتیازی ڕۆژنامە بە ناوی ئەوانەوە دەردەچێ و کار و چالاکی خۆیان دەستپێدەکەن. لە ڕۆژنامەکە زنجیرە وتارگەلی ئایینی و ئەدەبی، مێژووی کوردستان و ناساندنی کەسایەتییە کوردزمانەکان و باسکردن لە هەندێ لە جوانکارییە ئەدەبییەکان لەسەر شانی "کاک ئەحمەد" بوو.

پاش بەڕێوەچوونی پرۆگرامی کوردی و بڵاوبوونەوەی (ڕۆژنامەی کوردستان)، ڕێکخراوە ئەمنییەکان لە ڕێگەی کەسێک بەناوی "سەرهەنگ پژمان" و چەند کەسێکی دیکە کە لە ڕواڵەتدا لەگەڵ ڕۆژنامە هاوکارییان ئەکرد – بەڵام لە ڕاستیدا نوێنەری ڕێکخراوە ئەمنییەکان بوون- ببوون بەهۆی سەرئێشە و شەڕی دەروونی بۆیان و بەهۆی هەمان "سەرهەنگ پژمانەوە" نووسراوەکانیان سانسۆر و هەندێ جاریش دەستکاری ئەکرا.

کاک ئەحمەد وامان بۆ ئەگێڕێتەوە: "لە هەمبەر کار و ئیشم لە ڕۆژنامەی کوردستان، باس و بابەت زۆرە کە بیگێڕمۆ، کورتەی باس: بەگشتی سێ ساڵ و نیو[2] کە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەردەوام لەژێر گوشاردا بووم. زۆرجار کاتێک بابەتەکان ئەچوونە ژێر چاپ، سەر و قەپۆلی "سەرهەنگ پژمان"، بۆ چاودێریکردنی بابەتەکانی ڕۆژنامە پەیدا دەبوو".

بەهیوا بوون بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی  کوردستانیش، بەوشێوە بێت کە باوبوو، بەوجۆرەی کە گوشار ئەخرایە سەر چاپەمەنییەکانی ئەو سەردەمە، گوشار بخەنە سەرمان و بەو شێوەی کە دڵخوازی ئەوان بوو، بابەتەکان بنووسم. بەڵام من تا ئەو جێگەی بۆم بلوایەت هەوڵم ئەدا کە هاوڕێکانی دیکەش بابەتەکانیان بەشێوەیەک بێ کە زۆر دڵخوازی ئەوان نەبێ، ئەگەرچی بابەتی سەرنووسەری ڕۆژنامەکە زۆر دڵخواز نەبوو و بابەتەکانی دیکەش نادروست ئەنووسرا. هەندێ جار شیعرگەلێکم ئەنووسی کە زۆر بە حەز و مەیلی ئەوان نەبوو (ئەویش بەبێ ناو، یان بە نووسینی نازناو)، پێیانزانی و ڕێك ئەو کەسەی کە زەوقی شیعریشی نەبوو لە ئەوپەڕی ناجوانکاریی و ناشرینی، دەستی تێوەرئەدا، یان لەژێر چاپ دەریان ئەهێنا و نەیان ئەهێشت چاپ و بڵاو بكرێتەوە، هەندێجار بەشێوەیەک، بەڵایەکی وایان بەسەر شیعرەکەدا ئەهێنا کە خۆم ناچار ئەبووم لەناو ڕۆژنامەکە بیهێنمە دەرەوە، چونکە ئیتر بەکار نەئەهات. کەسێکی دیکە بوو بەناوی "دوکتور مەنووچیهر موفید"، وادیاربوو کە ئەویش لە لایەن ڕێکخراوی ئەمنی بۆ کۆنترۆڵ و  چاودێریکردنی ڕۆژنامەکە هاتبوو، کە لە بواری ئەدەبیاتدا کەسێکی خوێنەوار و خاوەن زانست بوو، ئەویش، هەندێكجار دەستکاری شیعر و بابەتەکانی ئەکرد.

یەکێک لەو بابەتانەی کە بۆ نەورۆزی ساڵی دووهەمی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە ئامادەم کردبوو و ڕێگرییان لێکرد، بابەتێک بوو دەربارەی ئەوە کە : "چلۆن شانشینی ئێران بنەڕەت و ڕۆحی نەورۆزی بەلاڕێدا بردووە؟! و چلۆن (زەحاک)یان بەشێوەی ڕەمز و بنەمای شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕین ناساندووە؟ لەکاتێکدا دواهەمین پاشای (ماد) بووە و زۆر سالم، دادپەروەر و بێ ئازار بووە، ئەو شانشینییەی کە لە دوای ئەو پێکهاتبوو، بۆ پاساوی خۆیان، ئەو هەموو ئەفسانە و چیرۆکە سەیر و سەمەرەیان دەربارەی ئەو سازدا، لەمبارەوە بە تێر و تەسەل قسەم کردبوو و پەلاماری ڕووداوی ئەفسانەی (کاوە)یشم دابوو. ئەم بابەتە چوو بۆ چاپکردن، بەڵام لەژێر چاپ دەریانهێنا. لەبیرمە، بابەتەکە یەکجار دوورودرێژ بوو، لەبەرئەوەی بابەتێکی دیکەیان نەبوو کە لەجێگەیدا داینێن، بەناچاری دوو لاپەڕە لەو ژمارەی ڕۆژنامەکە بۆ سڕینەوەی ئەو بابەتە، دەرهێنرابوو".

نووسراوەکانی ئەوان لە ڕادیۆ و ڕۆژنامە، خۆی ببوو بە هۆکارێک بۆئەوەی لە کاروباری زانکۆ، هەندێک سەرپێچی ڕووبدات و لە ئەنجامدا ئیزن نەدەن پرۆگرام و بیروهزری ئەو بەشێوەی ڕێکوپێک و جوان و بەو شێوازەی کە پلانی بۆ چنیبوو، بەرەو پێش بڕوات.

وەک دەڵێن لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی (١٩٦١ز) لەلایەن "بەڕێز موعەیینیان" سەرۆکی بڵاوکراوەی ڕادیۆوە، بۆ تەواوکردنی چالاکی کاک ئەحمەد لە ڕادیۆ، بڕیارێک دەردەچێ و دوای شەش مانگیش "ڕۆژنامەی کوردستان" دادەخرێت و هەموو ئەو کتێبە کوردییانەی کە سەندرابوون و زۆربەی ئەو پەرتووکە کوردییانەی کە نووسرابوون- و لە نووسینگەی ڕۆژنامە لە چاپخانەی ئەختەری باکوور، لە پەنای باڵەخانەی پەروەردە و فێرکاری ئەو کاتەوە دائەنرا- دەستی بەسەر گیرا و هیچ کاتێک نەدرایەوە.

لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی (١٩٦٣ز)، چەند مانگ لەدوای بەستنی پرۆگرامی ڕادیۆ کوردی و دوای ئەویش ڕۆژنامەی کوردستان، لەگەڵ زۆرێک لە کوردانی نیشتەجێی تاران، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستان و چالاکی نیشتمانی بەدەستی کەسێک بەناوی "سەرهەنگ زیبایی" لە ماڵەوە دەگیرێت و لە بەندیخانەی "قزل‌قەلعە" دەستبەسەر دەکرێت.

ئەم گوشار و لەمپەرانە بۆ چالاکییە هزریی و کۆمەڵایەتییەکانی کاک ئەحمەد باڵی بەسەر گۆڤار و بڵاوکراوەکانیشدا کێشابوو. لە ساڵی ١٣٤٣ ی هەتاوی (١٩٦٤ز) لە بەندیخانەی "قزل‌قەلعە" گۆڤارێک بەناوی (خواندنی‌ها) ئەگەیشتە دەست بەندکراوەکان، لە یەکێک لە ژمارەکانی، بابەتێک دەربارەی شتە تازە دۆزراوەکانی گەردوون لە چاپ درابوو. بە ئیلهام لەم نووسراوە، کاک ئەحمەد بابەتێک دەربارەی "موتەشابیهاتی قورئان"، بۆ ئەو گۆڤارە دەنێرێت. ئەگەرچی لەوکاتەدا بابەتەکە ناڕواتە دەرەوەی بەندیخانەکە و لەلایەن بەرپرسەکانی بەندیخانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەڵام لەدوای مۆڵەتی کاتی هاتنەدەرەوە لە زیندان، بابەتەکە دەنێرێت بۆ گۆڤارەکە و چاپ دەبێ. سەرنووسەر بە بینین و چاولێکردن لە بابەتەکە، زۆری پێخۆش دەبێ و ڕایدەگەیەنێت کە کاک ئەحمەد دەتوانێت نووسراوەکانی خۆی بەشێوەی مەقالە بۆ گۆڤارەکە ڕەوانە بکات و زۆرترین مافی نووسینیش وەربگرێت. کاک ئەحمەدیش دووەمین مەقالەی خۆی سەبارەت بە ڕووداوێکی بنەماڵەیی- کۆمەڵایەتی کە لە بڵاوکراوەکاندا ببوو بە دەنگۆی، دەنووسێت، بەڵام لە چاپ نادرێ! "بەڕێز تلووعی" سەرنووسەری گۆڤار بە ڕاشکاوی ئاشکرای دەکات کە: هەر بابەتێک دەینێرین بۆ چاپکردن، کەسانێک لە ساواک چاودێری دەکەن، کەوابوو بابەتەکان بەشێوەیەک بنووسن کە بتوانین لەناو گۆڤارەکەدا بڵاوی بکەینەوە. لە وەڵامی "بەڕێز تلووعی"دا، کاک ئەحمەد ئەم حیکایەتە دەگێڕێتەوە: "ڕۆژێک مامۆستایەک لە پەنای هەندێ خەڵکی عەشایەر کە زۆربەی کات و ژیانی خۆیان خەریکی کۆچ و بارکردن بوون و کەسایەتی زانا و خوێندەوار و مەلایان کەمە، تێدەپەڕێ. مامۆستا لە کاتی بانگ، دەچێتە سەر تەپۆڵکەیەک و بانگ دەدا، خەڵکیش کە هەتا ئەوکاتە هەر دەنگی بانگیان نەبیستبوو، بە سرتە سرت و قریوە قریوە یەکتریان چاو لێدەکرد و بە سەرسووڕمانەوە هۆکاری کارەکەی مامۆستا دەپرسن. کەیخوا، دەچێتە لای مامۆستاکە و لێی دەپرسێ، ئەم دەنگە دەنگە چی بوو؟ مامۆستا وەڵام دەداتەوە کە ئەمە بانگە و هێمای ئەوەیە کە کاتی نوێژە و خەڵکی دەبێ بۆ خوێندنی نوێژ هەستن. کەیخوا لە قسەکانی مامۆستا حاڵی نابێت و لەکۆتاییدا کەیخوا ڕوودەکاتە مامۆستا و دەپرسێ: ئەم بانگە بۆ بزن و مەڕەکەی ئێمە زیانی هەیە یا نا؟ مامۆستایش وەڵام دەداتەوە کە: ئەم بانگە بۆ مرۆڤە و هیچ زیانێکی بۆ بزن و مەڕەکەی ئێوە نییە! کەیخواکەیش دەڵێ: ئێستا کە وایە، هەر چەندە کە دەتوانی، دەنگ و هەرا بکە و بقیڕێنە!".

لە دوای گێڕانەوەی حیکایەتەکە، ڕوودەکاتە "بەڕێز تلووعی" و دەڵێ: "بەڕێز تلووعی، من ناتوانم بابەتێک بنووسم کە بە زیانی گورگ نەبێ، کەوابوو ئەگەر دەستم ببڕن، تەنانەت ئەگەر بابەتی زانستی بنووسم، بەدڵنیاییەوە بەشگەلێکی، زیان بە گورگ دەگەیەنێت، چونکە ئەوەی بۆ کۆمەڵگای ئێمە پێویستە، ئاگادارکردنەوە و ڕۆشنکردنەوەی میللەتەکەیە. "بەڕێز تلووعیش" لە وەڵامدا دەڵێ: "ئەگەر بابەتەکانی ئێوە بەمشێوە بێ، ئێمە ناتوانین لە چاپیان بدەین."

هەر لەم چەشنە مەقالاتەی بۆ ڕۆژنامەی (اطلاعات) و (کیهان) دەبا، هەردوولا داوای لێبوردن دەکەن کە ناتوانن ئەمە چاپ بکەن. "بەڕێز میسباح زادە"، بەڕێوبەری یەکێک لەو ڕۆژنامانە، بە ڕاشکاوی پێی دەڵێت: "مۆڵەتی لە چاپدانی بابەتەکانی ئێوەمان پێ نادەن" و ئەمە خۆی هۆکارێک دەبێ بۆئەوەی کاک ئەحمەد مەیلی نووسینی نەمێنێت.

کاک ئەحمەد لە گێڕانەوەی کارەکانی خۆی لە ڕۆژنامەی کوردستان، لە دوو قۆناغی زەمانیدا ئاماژە بە سانسۆر، سڕینەوە و دەستکاریکرانی شیعرەکانی خۆی دەکات.

دەکرێت بڵێین، کە ئەمە ڕوویداوە. شیعری "مافی نیشتمان" ئەتوانرێ ئەو ڕاستییە دەربخات. مانا و مەفهووم و ڕۆحی ئەم شیعرگەلە لە ئاسەواری وتووێژ و هەڵوێستی سیاسی و شەڕ و بەرگریکردن بەتەواوەتی دەبینرێت. لەلایەکی دیکەوە، کاک ئەحمەد لە نەوارەکانیدا، وردبینی و گرنگ بوونی تایبەت، لە بەکارهێنانی هێما جوانکارییەکانی هەیە کە لەم بەیتانەدا بە جوانی دەبیندرێت و ئەم چەشنە لە دانانی هێما جوانکارییەکان بەم سەرنجەوە لە شیعری کەسانی دیکە، کەمتر دەبیندرێ، کە لەم بەیتانەدا هێمای سەرسووڕمان (!) بە زۆری بەکار هێنراوە، کە هێمای ئەوەیە کاک ئەحمەد خاوەنی شێوازێکی تایبەتە. زەوقی شیعری ئەوان لە هەمان ڕۆژنامەدا، بەتایبەت لە وەرگێڕانی شیعرەکانی (داستان هزار و یک شب)دا کە لەلایەن ئەوەوە وەرگێڕدراوە، بە ئاشکرا دیارە[3].

کەوایە ئەگەر ئەم شیعرە هی کاک ئەحمەدە، بۆچی لە ڕۆژنامەکەدا بەناوی "دەستەی نووسەران"ەوە بڵاوکراوەتەوە؟ ئەگەر سەرنجی ژمارە سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەکە بدەین، بۆمان دەرئەکەوێت کە لە ژمارەی 10 بەولاوە وردە وردە نووسەری بابەتەکان، ناوەکانیان دەنووسرێت، بۆ نموونە: بابەتەکانی (لە کۆمەڵا چۆن بژین؟)، (چۆن بنووسین و بخوێنینەوە؟)، (دیوانی مەلا پەرێشان)، (بەشی مەولەوی)، (لە هەر گوڵزارێ گوڵێ)، لە ژمارەی 10 بەولاوە به (ص) واتە: محمد صدیق موفتیزادە هاتووە، یان بابەتی (نەتەوەی کورد و نەتەوایەتی ئێران) لە ژمارەی دوانزە بە (ش. بابان) واتە: شوکروڵڵا بابان هاتووە، یان بابەتگەلی (مێژووی ڕەگەزی کورد) نووسراوی زانای مەزنی کورد ئێحسان نووری کە بەناوی "دەستەی نووسەر" وەرگێڕدراوە.

لەڕاستیدا ئەو بابەتە لە لایەن جەنابی ئاغای عەبدولڕەحمانی موفتیزادەوە نووسراوە کە لە ژمارەی 10 بەولاوە بە (ع موفیزاده) هاتووە و (مەتەڵە)، لە ژمارەی 10 بەولاوە نووسەرەکەی واتە عەبدولڕەحمانی موفتیزادە، ئاشکرا کراوە، هەروەها بابەتی (بۆ پێکەنین)، (ئامۆژگاری) و تەنانەت بابەتی (چیرۆکی هەزار و یەک شەو) کە لە هەر ژمارەیەکدا بەشێک لەو چیرۆکە هاتووە، لە ژمارەی تەرتیبی 52، واتە ژمارەی یەکەمی ساڵی دووهەم، چواردەی گوڵانی ساڵی 1339ی هەتاوی (١٩٦٠ز) بۆ یەکەمجار ناوی نووسەرەکەی بەکار هاتووە و هەر لە هەمان ژمارەدا، ئاماژە بەوە دەکات کە شیعرەکانی چیرۆکی هەزار و یەک شەو، هی کاک ئەحمەدی موفتیزادەیە. هەروەها بابەتی (وتاری دینی)، (وێژەی کوردستان)، (باسێکی زانیاری)، (جەدوەل)، یا (چوار قوژبنەکان)، لەلایەن کاک ئەحمەدی موفتیزادەوە نووسراوە کە لە ژمارەی 10 بەولاوە، بە ئامادەکراوی (ا - موفتیزادە) ئاماژەی بۆ کراوە. هەروەها نموونەگەلی تر زۆرن کە نووسەرەکەی بە "دەستەی نووسەران" لە قەڵەم دراوە و دواتر نووسەرەکەی ناسێندراوە. هەروەها لە ژمارەی یەکەمی ساڵی دووهەم، واتە ژمارەی 52 تەرتیبی ڕۆژنامە لە لاپەڕەی یەکەم، بۆ یەکەمین جار، نووسەرانی هەر بابەت و بەشێک بە ناو و وێنەوە دەناسران، بۆ نموونە بابەتی (نالەبارییەکانی کۆمەڵ)، (هەڕاڵە و زەمزەمە)، لە (ع سیراجەددین) کە لە هەندێک لە ژمارەکاندا ناوی لێ نەبراوە و نموونەگەلێکی زۆر ئەتوانین لە ڕۆژنامەکەدا بدۆزینەوە. ئەمانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە نووسەری هەندێک لە بابەتەکان بە (دەسەی نووسەر) یان بە شێوەی پیت ناسێنراوە یان هەر ئاماژە بە نووسەر نەکراوە. ڕەنگە سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی ڕۆژنامە وابووبێت کە دواتر کەم کەم، نووسەران بناسێنرێن. کەواتە ئەتوانین بڵێن: بەپێی ئەم بەڵگانە، ئەوەی کە لەژێر ئەم شیعرەدا (دەسەی نووسەر) هاتووە، ناتوانرێت بوترێ کە شاعیرەکەی کاک ئەحمەدی موفتیزادە نییە.

بەڵام لە بارەی دوو بەیتی ١٩ و ٢٠ کە دەستێوەردانی تێدا کراوە و لە ڕۆژنامەکەدا ئاوا هاتووە:

کوردە! دین و نیشتمان و شایە بەرزی ژینی تۆ

دژمنی هەرسێکیانە، دژمنی بێ دینی تۆ

هەر بژی شا و نیشتمان و هەر بژی ئایینی تۆ

با لە داخان شەق ببا بەدخواهی تۆ بەد بینی تۆ

لە کاک هادی مورادی، یەکێک لە قوتابیان و هاوڕێ نزیکەکانی کاک ئەحمەد بەتایبەتی لە ساڵەکانی ١٣٤٦ تا ١٣٥٧ی هەتاوی واتە (١٩٦٧ز تا ١٩٧٨ز)، بە وتەی خۆیان زیاتر لە خزم و کەسە نزیکەکانی، پەیوەندی لەگەڵ کاک ئەحمەددا بووە، لە وەڵامدا ئاوا هاتووە:

" لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی (١٩٦٩ز) بۆماوەی چەندین ساڵ لە تاران لەگەڵ کاک ئەحمەد، لە شوقەیەک بەیەکەوە ئەژیاین. ئەو ماوە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ گفتوگۆ و باس و خواسی جیاواز لە بابەتەکانی هزری، ئایینی، کۆمەڵایەتی و...، کە بەداخەوە ئەو بابەت و گفتوگۆیانە نە تۆمارکراوە و نە نووسراونەتەوە.

بابەتێکی دیکە کە کاک ئەحمەد زۆر بە شیکاریی و بە وردی لەبارەیەوە قسەی بۆ کردووم، بابەتی بڵاوبوونەوەی "ڕۆژنامەی کوردستان" و ئەو جۆرە بابەتانە بووە. بەتایبەت دەربارەی گوشارەکانی ڕێکخراوەی ساواک لەسەریان، لە یەکێک لە گێڕانەوەکانیان دەربارەی شیعری "مافی نیشتمان"، دەستێوەردان و گۆڕینی دوو بەیتی ١٩ و ٢٠ لە کۆی ئەم شیعرانە بوو. کاک ئەحمەد دەڵێ: ئەم دوو بەیتە لە ڕۆژنامەکە هاتووە ساختەیە و دەڵێ کە لەلایەن هێزی دزەکەری سازمانی بەرگری (ساواک) دەستکاریی و گۆڕانی تیاکراوە. کۆی ئەم شیعرەی بۆ خوێندمەوە. پێموایە نوسخەی دەستخەتەکەیشم لەو کاتەدا بینیوە، بەڵام بەداخەوە خۆم دووبارە نەمنووسینەوە و ئەسقەزا (بە ڕێکەوت) هیچ ئاسەوارێک لە دەستنووسەکەی کاک ئەحمەدیش نەماوە.

بەڵام کاتێک ئەگەڕێمەوە بۆ بیر و مێشکی خۆم، ئەو دوو بەیتە ئەبێ شتێکی ئاوا بێ یان نزیک لەوە:

کوردە! دین و نیشتمانی تۆیە بەرزی ژینی تۆ

دژمنی هەردووکیانە، دژمنی بێ دینی تۆ

نیشتمانت هەر بمێنێ و هەر بژی ئایینی تۆ

با لە داخان شەق ببا بەدخاهی تۆ، بەدبینی تۆ

 

جیا لەو ڕەخنە ئەدەبیی و وەزنیەی کە لەسەر ئەم دوو بەیتە هەیە.

بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە هەموو هەڵوێستە فیکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی کاک ئەحمەد، ناتوانین زمانی مەدح و پێداهەڵگوتن بدۆزینەوە و ئەدەبیاتی وتار و نووسراوی کاک ئەحمەد بە توندی لە مەدح و پێداهەڵگوتن، ئەویش بۆ دەسگای شاهەنشاهی زۆر نامۆ و بێگانە و دوورە. لەلایەکی دیکەشەوە، لە نزیکەکان و قوتابیان و هاوڕێکانی بە تەواتوور گەیشتووە کە ئەم شیعرە هی جەنابیانە و دووبارە لەم ساڵانەدا نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی کەسێک کە بڵێ ئەم کۆمەڵە شیعرە هی کاک ئەحمەد نییە، نەبینراوە، هەر لەبەرئەوە ئەتوانین بڵێین کە: شیعری "مافی نیشتمان" هی مەرحووم کاک ئەحمەدی موفتیزادەیە و ئەو شتەی کە کەوتووەتە دەست خەڵکی یان ئەوەی کە لە کۆمەڵە شیعری "دیاری بۆ یاران"دا چاپ و بڵاوکەرەوەی "مەکتەب قورئانی کوردستان" هاتووە، کێشەگەلێکی هەیە.

هەر بەوهۆیەوە، دووبارەنووسین و دروستنووسینی لە ڕووی نوسخە ئەسڵییەکەی ڕۆژنامەکە و هەروەها گێڕانەوەکەی "کاک هادی" دەربارەی ئەو دوو بەیتە پێشکەش ئەکرێ:

 

مافی نیشتمان

نیشتمان! ئەی خاک و خۆڵی تۆ کڵەی چاوانمە

نیشتمان! ناوی بەڕێزت هێزی ڕۆح و گیانمە

نیشتمان! ئەی بەربەیانت ڕۆشنی ئیمانمە

نیشتمان! ئێوارەکانت خەڵوەتی عرفانمە

نیشتمان! قوربانی کوێستانت، دڵی پڕ دەردی من

نیشتمان! حەیرانی گەرمێنت، هەناسەی سەردی من

نیشتمان! سەرمەشقی بەرزی هیممەتە کۆماری تۆ

مەرکەزی زانستی و عرفانە لادێ و شاری تۆ

نیشتمان! باغاتی فیردەوسە، هەموو گوڵزاری تۆ

عززەت و فەخرە هەموو نەخشی دەر و دیواری تۆ

نیشتمان! ئەی شاخ و داخانت  ئۆمێدی دڵ هەموو

نیشتمان! دەشت و بیابانت بەهەشتی ئارەزوو

نیشتمان! شەرتە کە تۆزی ڕێت بە ئەم دنیا نەدەم

شەرتە تا ماوم لە شەرتی گیانفیدایی لا نەدەم

نیشتمان! شەرتە لە عەشقی پاکی تۆ سەر با نەدەم

شەرتە قەت گوێ بۆ ڕەقیب ‌و وەسوەسەی ئەعدا نەدەم

نیشتمان! ئەی فێنکیی قەلبم شنەی کوێستانەکەت

نیشتمان! ئەی ئاوی ژینم خاکی کوردستانەکەت

نیشتمان! ئێحسانی تۆیە خوێنی باوباپیری من

هێزی شان ‌و نووری دیدە و قۆدرەتی تەدبیری من

نیشتمان گەر خوێنی من پاکە و حەڵاڵە شیری من

هەر لەسەر ڕێی خۆشەویستیی تۆیە بڕوا و بیری من

نیشتمان! دایم لە سەر ئاواتی بەرزی ناوی تۆم

خاترت جەم بێ، بەڵا گەردانی خاک و ئاوی تۆم

لاوی کورد! ئەر پاکە شیرت هەستە وەک شێری ژیان

ڕاکە مەیدان بۆ بەجێهێنانی مافی نیشتمان

ڕۆڵەکەی سوڵتان "صلاح الدین"! نەخۆی گۆڵی کەسان

ڕۆکنی ئیمان خۆشەویستیی نیشتمانە بێ گومان

لاوی کوردم! خۆت نەکەیتە داری دەستی دژمنت

دژمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت

کوردە قەت نەنوی بە لایەی دژمنی عەییارەوە

شیری دوژمن تێکەڵە حەتمەن بە ژاری مارەوە

ڕەنگ نەکەی داوێنی نامووست بە لەکەی عارەوە

نیشتمانت دایکتە، نەیدەی بەدەس ئەغیارەوە

ڕەنجی باو باپیری تۆ ئەم نیشتمانەی دا بە تۆ

کوردە! وریا بی، نەکەی باپیرەکانت ڕەنجەڕۆ

کوردە! دین و نیشتمانی تۆیە بەرزی ژینی تۆ

دژمنی هەردووکیانە، دژمنی بێ دینی تۆ

نیشتمانت هەر بمێنێ و هەر بژی ئایینی تۆ

با لە داخان شەق ببا بەد خاهی تۆ بەد بینی تۆ

هەستە سا، هەر وەک "ترێشقە" ڕیشە کەن کە دژمنت

تا بە فێڵ و گەڕ لە ڕیشەی دەرنەهێناوە بنت

 

سەرچاوە: کتێبی (ما و انقلاب) و نەواری ١٢٥ کاک ئەحمەد موفتیزادە و گێڕانەوەی نزیکان و قوتابیانی کاک ئەحمەد.

 

[1] ئەم بابەتە بە پێشنیاری توێژەری زۆر هێژا "کاک ئیرەج مورادی" نووسراوە.

[2] جێگەی ئاماژەیە کە: ئەم حەفتەنامە لە مانگی گوڵانی ١٣٣٨ی هەتاوی (١٩٥٩ز) هەتا هەشتی جۆزەردانی ١٣٤٢ی هەتاوی(١٩٦٣ز) بە ماوەی ٤ ساڵ بڵاوکراوەتەوە و کاک ئەحمەد بە هەڵەی زمانی بە سێ ساڵ و نیو ئاماژە ئەکات. ع.ح

[3] چیرۆکی (هزار و یک شب) لە لایەن مامی کاک ئەحمەد، واتە مەرحوومی عەبدولڕەحمانی موفتیزادە وەرگێڕانی بۆ کردووە، کە بۆ وەرگێڕانی شیعرەکانی لە کاک ئەحمەد یارمەتی وەرگرتووە.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure